ئەمساڵ ٣٤٩ ئێزدی ڕزگار کراون

 	 ئەمساڵ ٣٤٩ ئێزدی ڕزگار کراون
نووسینگەی ڕفێنراوانی کوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک ئاماری ئەمساڵ (2017)ی ڕاگەیاند و گوتی، ئەمساڵ ٣٤٩ کەس ڕزگار کراوان.



ئەمڕۆ پێنچشەممە (٢٨-١٢-٢٠١٧) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا نووسینگەی ڕفێنراوانی کوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک ئاماری ئەمساڵ (٢٠١٧)ی ڕاگەیاند، ئامارەکان بەم شیوە بوون:

‌ ‌- سەرجەمی ڕفێنراوان : ٦٤١٧ کەس.

- ژمارەی ڕزگاربووان: ٣٢٤٤ کەس.

- ژمارەی ئافرەتان ١١٤٦ کەس ڕزگار کراون.

- ژمارەی پیاوان : ٣٣٥ کەس ڕزگار کراون.

- ژمارەی منداڵانی ڕەگەزی نێر: ٨٤٣ کەس.

- ژمارەی منداڵانی ڕەگەزی مێ: ٩٢٠ کەس.

- ژمارەی ڕزگاربوانی ساڵی ٢٠١٧ سەرجەمیان ٣٤٩ کەس بوون.

- ژمارەی ڕزگاربووانی سالی ٢٠١٧، ئافرەتان ١٠٢ کەس.

- ژمارەی ڕزگاربووانی ساڵی ٢٠١٧، پیاوان ٩ کەس.

- ژمارەی ڕزگاربووانی سالی ٢٠١٧، منداڵان ٢٣٨ کەس.

- ئەوانەی ماوان لە دەستی داعشدا ٣١٧٣ کەس.

- ژمارەی ڕزگارنەکراوانی ڕەگەزی مێ: ١٤٨٢ کەس.

- ژمارەی ڕزگارنەکراوانی ڕەگەزی نێر: کەس.١٦٩١

لە بەشیكی دیکەی کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا، (حسێن قائیدی) گوتی: ''تەنیا سەرۆکی حکوومەت، (نیچیرڤان بارزانی) پشتگیری ئەم پرۆژەیەی کردووە و بەردەوامیشە لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە بۆ ڕزگارکردنی ئەو ڕفێنراوانەی کە ماون لە دەست چەکدارانی داعشدا.''

(قائیدی) گوتی: ''بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر ئەو ڕفێنراوانەی ئێزدی لە دەست چەکدارانی داعش بوون لە شاری مووسل و حەویجە و ناوچەکانی ترن، بەڵام حکوومەتی عێراق هیچ پلانێکیان نەبوو بۆ ڕزگارکردنی ئەو ڕفێنراوانە لە کاتی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ئەو شارانەدا و تا ئێستاش بە هیچ شێوەیەک گۆیی لەم مەلەفە نییە و پشتگۆیی خستووە.''

(قائیدی) گوتیشی: ''پرۆژەکەمان نەک تەنیا ڕزگارکردنە، بەڵکو لە دوای ڕزگارکردنیش ئێمە بەردەوامین لە چارەسەرکردنی ئەم ڕفێنراوانە و نووسینگەیەکی تایبەتیشمان کردووەتەوە بۆ چارەسەرکردن و ڕەوانەکردنیان بۆ ئەوروپا، بەڵام حکوومەتی عێراقی لە داخستنی فرۆکەخانەکان کارتێکردنێکی زۆری کردووەتە سەر چارەسەرکردنیان و ئەمەش غەدرێکە لەم ڕزگاربووانە، چونکە ئەمانە پێویستیان بە چارەسەرە.''

لە (٣-٨-٢٠١٤)دا داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت و کۆمەڵکوژی بەسەر کوردانی ئێزدیدا هێنا و هەر لەسەر ئەو مەبەستەش سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسینگەیەکی لە پارێزگای دهۆک کردەوە بۆ ڕزگارکردن و چارەسەرکردنیان .
kdp-
Top