"ڕێکاری یاسایی دژی تەعریبکردنی سنووری کەرکووک دەگرینەبەر"

سەرۆکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق گوتی، پرۆسەی تەعریب لە سنووری کەرکووک بەردەوامە و لە ڕۆژانی ڕابردووشدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئێمەش دەستمان کردووە بە ھەندێک ڕێکاری یاسایی بۆ ئەوەی لە ڕێگەی یاساییەوە ڕێگری لە تەعریب بکەین، چونکە نامانەوێت کێشەکان بە سیاسی چارە بن، چونکە ئەوەی ئەوان دەیکەین نادەستووری و یاساییە.

لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بەتایبەت لە دوبز و سەرگەران و داقووق لە ڕۆژانی ڕابردوودا تەعریب بە شێوەیەکی بەرچاو دەستی پێ کردووە و مۆڵەتی سێ ڕۆژ دراوە بە کوردەکان کە دەبێ ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن، ئەمەش دوای نەمانی دەسەڵاتی کوردی لە سنووری کەرکووک و ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکە دەستی پێ کردووە.

(د. سۆران ئیسماعیل)، سەرۆکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە وەکو لیژنەی خۆمان و پەرلەمانتارە کوردەکان بە دوای ڕێگای یاساییدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی ڕێگری لە تەعریبکردن بگرین، چونکە ئەو عەرەبانە کێشە سیاسیەکانیان بۆ خۆیان قۆستووەتەوە و ئەو ناوچانەش کێشە لەسەرن، بۆیە دەمانەوێت لە ڕێگەی یاساییەوە ڕێگرییان لێ بکەین و لە ڕێگەی سیاسییەوە کێشەکان بە کاتی چارەسەر دەبن.''

(د. سۆران ئیسماعیل) گوتی: ''لە سنووری کەرکووک لە ساڵی ١٩٧٥ەوە خەڵکی عەرەب ھاوردەی ئەو ناوچانە کراوە و دواتریش قەرەبوو کراونەتەوە، کە ئەمە مڵکی کورد بوونە، ئێستا جارێکی دیکە ئەو عەرەبانە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکە و کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدایان بۆ خۆیان قۆستووەتەوە و ئەو مڵکانە بە ھی خۆیان دادەنێن، سەرەڕای ئەوەی ٢٠ تا ٢٥ ملیۆن دیناریان وەرگرتووە.''

لەبارەی ھەنگاوەکانی ئەوان بۆ ڕێگریکردن لەو کارە، ئەو گوتی: ''ئەو عەرەبانە دەزانن ئێستا حەشدی شەعبی ھاتوونەتە ناوچەکە و کورد دەسەڵاتی نەماوە و پارێزگاریش عەرەبە و ھاوکاریی ئەوان دەکات، بۆیە دێن ھەڕەشە لە کوردەکان دەکەن و ئەو ناوچانە داگیر دەکەن و مۆڵەتی چەند ڕۆژێکیان بە کورد داوە، ناوچەکە چۆڵ بکەن، بۆیە ئێمەش دەمانەوێت لە ڕێگەی یاساییەوە ڕێگرییان لێ بکەین و ڕێگە نادەین ئەو کارە سەر بگرێت، چونکە نادەستووری و نایاساییە.''

(د. سۆران ئیسماعیل) گوتیشی: ''ھەندێک ئامادەکاریمان کردووە و لە ڕۆژانی داھاتوودا دەست بە کاری خۆمان دەکەین بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ بکەین و ڕێگە نادەین ئەو کارە سەرکەوتوو بێت.''
kdp-
Top