"ڕێکاری یاسایی دژی تەعریبکردنی سنووری کەرکووک دەگرینەبەر"
لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بەتایبەت لە دوبز و سەرگەران و داقووق لە ڕۆژانی ڕابردوودا تەعریب بە شێوەیەکی بەرچاو دەستی پێ کردووە و مۆڵەتی سێ ڕۆژ دراوە بە کوردەکان کە دەبێ ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن، ئەمەش دوای نەمانی دەسەڵاتی کوردی لە سنووری کەرکووک و ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکە دەستی پێ کردووە.
(د. سۆران ئیسماعیل)، سەرۆکی لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە وەکو لیژنەی خۆمان و پەرلەمانتارە کوردەکان بە دوای ڕێگای یاساییدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی ڕێگری لە تەعریبکردن بگرین، چونکە ئەو عەرەبانە کێشە سیاسیەکانیان بۆ خۆیان قۆستووەتەوە و ئەو ناوچانەش کێشە لەسەرن، بۆیە دەمانەوێت لە ڕێگەی یاساییەوە ڕێگرییان لێ بکەین و لە ڕێگەی سیاسییەوە کێشەکان بە کاتی چارەسەر دەبن.''
(د. سۆران ئیسماعیل) گوتی: ''لە سنووری کەرکووک لە ساڵی ١٩٧٥ەوە خەڵکی عەرەب ھاوردەی ئەو ناوچانە کراوە و دواتریش قەرەبوو کراونەتەوە، کە ئەمە مڵکی کورد بوونە، ئێستا جارێکی دیکە ئەو عەرەبانە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکە و کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدایان بۆ خۆیان قۆستووەتەوە و ئەو مڵکانە بە ھی خۆیان دادەنێن، سەرەڕای ئەوەی ٢٠ تا ٢٥ ملیۆن دیناریان وەرگرتووە.''
لەبارەی ھەنگاوەکانی ئەوان بۆ ڕێگریکردن لەو کارە، ئەو گوتی: ''ئەو عەرەبانە دەزانن ئێستا حەشدی شەعبی ھاتوونەتە ناوچەکە و کورد دەسەڵاتی نەماوە و پارێزگاریش عەرەبە و ھاوکاریی ئەوان دەکات، بۆیە دێن ھەڕەشە لە کوردەکان دەکەن و ئەو ناوچانە داگیر دەکەن و مۆڵەتی چەند ڕۆژێکیان بە کورد داوە، ناوچەکە چۆڵ بکەن، بۆیە ئێمەش دەمانەوێت لە ڕێگەی یاساییەوە ڕێگرییان لێ بکەین و ڕێگە نادەین ئەو کارە سەر بگرێت، چونکە نادەستووری و نایاساییە.''
(د. سۆران ئیسماعیل) گوتیشی: ''ھەندێک ئامادەکاریمان کردووە و لە ڕۆژانی داھاتوودا دەست بە کاری خۆمان دەکەین بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ بکەین و ڕێگە نادەین ئەو کارە سەرکەوتوو بێت.''
kdp-
