عەبادی پارێزگاری مووسڵی لە پۆستەکەی دوور خستەوە

 	 عەبادی پارێزگاری مووسڵی لە پۆستەکەی دوور خستەوە
ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق پارێزگاری مووسڵی لەسەر کار لادا. ئەم بڕیارەی (عەبادی) لە کاتێکدایە کە پێشتر دادگای باڵای فیدراڵی لەسەرکارلادانی ئەو پارێزگارەی بە نایاسایی زانیوە.

ماوەیەک پێش ئێستا لە ئەلقووشی سەر بە پارێزگای مووسڵ ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و بە دەنگی ٢١ ئەندام پارێزگار لە پۆستەکەی دوور خرایەوە و دواتر پارێزگاری مووسڵ لە دادگا تانەی لەو بڕیارە دا و دادگا باسی لەوە کرد، کە لادانی پارێزگاری مووسڵ یاسایی نییە و ڕەتی کردەوە.

لەم بارەیەوە، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ لە لیستی برایەتی و پێکەوەژیان، (بەرەکات شەمۆ) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕاستە ئەمڕۆ نووسراوی لادانی پارێزگاری مووسڵ، (نەوفەل حەمادی) بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، (حەیدەر عەبادی) گەیشتووەتە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، ئەمەش بە پشتبەستن بەداواکاریی ٢١ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ کە ئیمزایان بۆ لادانی کۆ کردبووەوە.''

(بەرەکات شەمۆ) گوتی: ''ڕاستە پێشتر دادگا بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵی لەبارەی لادانی پارێزگاری مووسڵ ڕەت کردەوە، بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری لادانی دەرکردووە.''

(بەرەکات شەمۆ) گوتیشی: ''بە لادانی پارێزگاری مووسڵ، جێگری پارێزگار، (عەبدولقادر سنجاری)، لە شوێنی ئەو کاروباری پارێزگار بەڕێوە دەبات، تا لە ئەنجومەن کەسێک بۆ شوێنی ئەو دیاری دەکرێت، کە پێویستە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا ئەوپرسە یەکلایی بکرێتەوە.''
kdp-
Top