ھەوڵی لەناوبردنی دەستپێشخەرییەکەی فوئاد مەعسووم دەدرێت
جاسم محەمەد جەعفەر، نوێنەری تورکمانەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە میدیاکانی راگەیاندووە، کە جووڵانەوەی فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری عێراق، بۆ چارەکردنی قەیرانی ھەولێر- بەغدا تەنیا بە قازانجی کوردستانە، بۆیە دەبێت ھەوڵەکان ھەڵوەشێتەوە و ناکرێت گفتوگۆی ھەولێرو بەغدا لەسەر پێشنیاری سەرۆک کۆماری بێت کە پارێزەری دەستوورە.
لەوبارەوە خەڵەف ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: "ھەوڵی زۆر بۆ لەناوبردنی گفتوگۆکانی ھەولێر و بەغدا دەدرێت، بەتایبەت دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک کۆمار، ئێستاش عێراق تای ھەڵبژاردن گرتوویەتی، ھەر حزبێک بۆ بانگەشەی خۆی قسە دەکات".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی روون کردەوە، کە لەکاتێکدا دۆخی ناوخۆی شیعەکان و سوننەکانی عێراق باش نییە، ئەمەش وا دەکات کە ناکۆکی لە عێراق زیاتر ببێت، حەیدەر عەبادیش راست ناکات یاری بەکات دەکات.
خەڵەف ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی، گوتیشی: "ھەموو جوڵانەوەکانی عەبادی لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەرە نایاساین".
دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان لە 25ی ئەیلوول، حکوومەتی عێراقی چەندین بڕیاری دژی ھەرێمی کوردستان دەرکرد، چەندین جارە ھەرێمی کوردستان، ھەوڵی دەستپێشخەری گفتوگۆی داوە، بەڵام لەلایەن حکوومەتەکەی عەبادییەوە پشتگوێخراوە.
باسنیوز
