کۆمەڵی ئیسلامی بۆ دروستکردنی هێزەکەی فێرگەی سەربازی دادەنێتەوە

 کۆمەڵی ئیسلامی بۆ دروستکردنی هێزەکەی فێرگەی سەربازی دادەنێتەوە
سەرکردەیەکی سەربازیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، بەنیازە فێرگەیەکی سەربازی دابنێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەزگای ھێمنایەتی و سوپای بەرگری کە دوو دەزگای سەربازی و ھەواڵگریی بووە، لەسەر دەستی سەرکردە سەربازییەکانی کۆمەڵی ئیسلامی درووست بێتەوە.

لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، ماوەیەکە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ دەزگای پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبەکەی چڕتر کردووەتەوە و ھەر جارێکیش بە سەردان بگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی، کۆبوونەوە لەگەڵ کەسە سەربازییەکان و پێشمەرگە دێرینەکای حزبەکەی دەکات.

سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە قۆناغی یەکەمی دروستکردنی هێزی چەکداریی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، دامەزراندنی فێرگەیەکی سەربازیی تایبەت بەو حزبە دەبێت.

هەر لەمبارەیەوە عەبدولحەمید جەلال، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی و یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکانی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، ڕايگەیاند: "ئەگەر کۆمەڵ ھەوڵی دامەزراندنی مەکتەبی سەربازی بدات، بێگومان پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵ پەیوەندی بەو مەکتەبەوە دەکەن، چونکە پێشمەرگەی کۆمەڵی ئیسلامی، فێرگەی سەربازی ھەبووە و پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵ مەشق و ڕاھێنانی سەربازییان پێکراوە و لە بەکارھێنانی ھەموو جۆرە چەکێکدا شارەزایی تەواویان ھەیە“.

ئەو فەرماندەیەی پێشووی چەکدارانی کۆمەڵ گوتیشی: "پێش ئەوەی کۆمەڵ لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیا بێتەوە، دەزگای ھێمنایەتیمان ھەبووە، بێگومان ئەو دەزگایە دەزگایەکی ھەواڵگری بووە و خودی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی، سەرپەرشتیاری دەزگای ھێمنایەتی کردووە، بەڵام ئەو دەزگایە دەزگایەکی فەرمی نەبووە، چونکە لە ئەنجامی تەکەتولاتی ناو بزووتنەوە، سەری ھەڵداوە".

لەبارەی کارەکانی سوپای بەرگری، عەبدولحەمید جەلال ئاماژەی بەوەش دا: ”سوپای بەرگری بە شێوەیەکی فەرمی پەیوەندی بە ئێمەوە ھەبووە و ئێمە لە مەکتەبی عەسکەری بەشێکی زۆرمان پەیوەندیی ڕاستەوخۆمان بە سوپای بەرگرییەوە ھەبووە، بەڵام کاری سەرەکی ئەو سوپایە جگە لەوەی لە شارەکاندا مەشق و ڕاھێنانمان بە گەنجان دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆری گەنجان خۆیان چەکیان دەھێنا، ئەوەشی چەکی نەبووایە، خۆمان چەکمان پێ دەدان، بۆ ئەوەی لە سوپای بەرگریدا جێگەیان بێتەوە".










باسنيوز
Top