گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بیر لە دامەزراندنی هێزی چەکدار دەکەنەوە
بیرۆکەی دروستبوونی ھێزی چەکدار لە گۆڕاندا بۆ کۆتایی ساڵەکانی ٢٠١٥ دەگەڕێتەوە، کۆمەڵی ئیسلامییش لە رابردوودا خاوەنی ھێزی چەکدار بووە و بە مەرجی چەک دانان، بۆ خەباتی سیاسیی کوردستان گەڕاوەتەوە، پێشتریش لەلایەن دڵشاد گەرمیانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی بیرۆکەی دروستبوونی ھێزی چەکدار بۆ حزبەکەی خراوەتە بەر باس.
عەدنان عوسمان، ھەڵسووڕاوی گۆڕان لە وتارێکیدا کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٥ بڵاوی کردووەتەوە، بیرۆکەی دروستبوونی ھێزی چەکداری بۆ بزووتنەوەکەی خستووەتە ڕوو، بە بیانووی ئەوەی دەتوانێ لەو ڕێگەیەوە پارێزگاری لە خۆی بکات.
بەڵام ئێستا بۆ جارێکی دیکە ئەو بیرۆکەیە لەناو کەسە توندڕەوەکانی گۆڕان سەر ھەڵدەداتەوە و ھەڵسووڕاوێکی دیاری بزووتنەوەی گۆران، ئاشکرای دەکا، ئەگەر ھەیە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا کۆمەڵێک ئەفسەر و فەرماندەی خانەنشین (ھێزی بەرگریی گەل)، دروست بکەن.
لە چەند رۆژی رابردوودا، ھەرێم کەریم، ھەڵسووڕاوی گۆڕان لە بەریتانیا، لە ھەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویەتی: «ئەگەر ھەیە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا کۆمەڵێک ئەفسەر و فەرماندەی خانەنشین (ھێزی بەرگریی گەل) لە ھەڵەبجە، ڕانیە، سلێمانی و چەمچەماڵ، دروست بکەن”.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو ھێزە چەکدارەی کە ئەو ھەڵسووڕاوەی گۆڕان باسی کردووە، بیرۆکەیەکی بەھێزە لەناو باڵە توندئاژۆکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەم قۆناغەدا و ژمارەیەک ھەڵسووڕاوی گۆڕان دەمێکە لەڕێگەی عەبدوڵای کوێخا موبارەک، کە ئەندامی جڤاتی گۆڕانە و لە چەمچەماڵ دادەنیشێت، ھەوڵی دروستکردنی ئەو ھێزە دەدرێت، بەڵام لە سەرکردایەتیی گۆڕاندا بۆچوونی جیاوازی لەبارەوە ھەیە و تا ئێستا رەت کراوەتەوە.
ھاوکات، ھەر بەپێی زانیارییەکان، لە ناوخۆی کۆمەڵی ئیسلامییشدا باس لە دووبارە رێکخستنەوەی ھێزی چەکدار لە زۆنی سەوز و نیلی کراوە، بەو بیانووەی کە ھێزەکانی ئاسایش و بەرگری لەو ناوچەیە، توانای پاراستنی بارەگا و کادیرەکانی ئەوانیان نییە، پێشتریش ئەو بیرۆکەیە لەلایەن دڵشاد گەرمیانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبەوە خراوەتە ڕوو.
ماوەی چەند رۆژێکە رەوشی پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری ئاڵۆز بووە و لەو سنوورانەشدا لیژنەی ئەمنی و سەربازی بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە و رێگەگرتن لە سووتاندن و وێرانکردنی دامەزراوە حکوومی و حزبییەکان و خوێن نەڕشتن پێکھێنراوە.
بەپێی زانیارییەکان، کە لە سەرچاوەی ئەمنییەوە پێی دراوە، لە ماوەی ئەو ئاڵۆزییانەدا زیاتر لە ٤٠٠ کەسی تۆمەتبار بە ھێرشکردنە سەر بارەگا حزبییەکان دەستگیر کراون، کە تێدا ژمارەیەک ھەڵسووڕاو و کادیری کۆمەڵی ئیسلامییش ھەیە.
بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەک لە دەستگیرکراوەکانیش چەکیان بە دەستەوە بووە.
لەمبارەیەوە، رەھبەر سەید برایم، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و لێپرسراوی مەڵبەندی کۆیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە بەشی کوردیی دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە، بزووتنەوەی گۆڕان لەپشتەوەی خۆپیشاندانەکانی کۆیەوە بووە، گوتویەتی: «پێشتر زانیاریی تەواومان ھەبووە کە بەرنامەیەکی وایان ھەیە، بۆیە قسە لەگەڵ بەرپرسانی مەکۆی گۆڕان کراوە، بەڵام بەداخەوە بەرنامەکەیان وەکوو ئەوەی دایاننابوو جێبەجێ کردووە».
رەھبەر سەید برایم گوتووشیەتی: «خۆم لەناو حەوشەی مەڵبەند پاسەوانێکی ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنم بینی، کە چەکی پێ بوو، ھەوڵی ھێرشکردنە سەر مەڵبەندی یەکێتیی دا، بەڵام ئێمە ھیچ کاردانەوەیەکمان نەبوو».
بەڵام، کاردۆ محەمەد، ھەڵسووڕاو و پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، جەختی لەوە کردەوە، کە گۆڕان بیرۆکەی ھێزی چەکداریی نییە و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی گۆڕان، دامەزراندنی ھێزی چەکدار ڕێگەپێدراو نییە، گوتی: “گۆڕان لە ھیچ دۆخێکدا بیر لە دامەزراندنی ھێزی چەکدار ناکاتەوە، بەپێچەوانەوە خۆی داوای ئەوە دەکات کە ھێزی چەکدار لە کوردستان لەژێر باڵی حزبەکاندا نەمێنێت”.
لای خۆشیانەوە، بیلال سلێمان، سەرکردە لە کۆمەڵی ئیسلامی رای گەیاند، کۆمەڵی ئیسلامی ئێستا ھیچ ھێزێکی چەکداری نییە، ئەوەی ھەیە و لایەتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن، گوتی: “نامانەوێ بۆ رابردوو بگەڕێینەوە و ھێزی چەکدارمان ھەبێت، قۆناغەکان جیاوازن و لەگەڵ ئەوەداین بە شێوەی ئاشتییانە و دوور لە چەک مومارەسەی سیاسیی خۆمان بکەین”.
باسنيوز
