لە سلێمانی 100 ھەزار خانەنشینی پلە تایبەتی گۆڕان و یەکێتی هەیە
نەوزاد ساڵح عەلی، کادیری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ماوەیەکە سڕ کراوە، ئاماژەی بەوە کرد: "وا دیارە گۆڕان و یەکێتی لەگەڵ پڕۆژەکەی ئەنجومەنی وەزیران و یەکگرتوو نین بۆ چاکسازی لە خانەنشینی پلە تایبەت، چونکە لە سنووری ئەواندا ئەو لیستانە فەزاحەتیان تیدایە".
بڕیارە لە پەرلەمانی کوردستان، پرۆژەیەک لەسەر چاکسازی لە خانەشنینیی پلە تایبەت دەنگی لەسەر بدرێت، بەپێی ئەو پرۆژەیە، تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 100 ھەزار خانەنشینی یەکێتی و گۆڕان ھەیە.
هەر لەمبارەیەوە بەختیار مەلا ئەحمەد، شرۆڤەکاری ئابووری و ڕۆژنامەنووسی ئابووری لە شاری سلێمانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو پرۆژەیە بێگومان کاریگەریی راستەخۆی ھەیە، چونکە پارەیەکی زۆر بۆ خانەنشینی نایاسایی دەڕوات، چونکە کوردستان لەبەردەم گرفتی گەورەی ئابووری دایە، بۆیە دەبێت ئەم بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
ئەو شرۆڤەکارە ئابوورییە گوتیشی: "لە لیستی ئەو خانەنشینانەدا پارەیەکی زۆری حکوومەت بەھەدەر دەچێت و ھەندێک لەو کەسانەی کە خانەنشین کراون، بە نایاسایی کاریان بۆ کراوە، بەڵام دژایەتیی گۆڕان و یەکێتی ڕەنگە بۆ ئەوە بێت لەم سنوورەدا بێ ژومار خەڵکیان بە پلەی تایبەت خانەنشین کردبێت و ئێستا نایانەوێت ڕاستییەکان دەربکەون".
ئەوەشی دووپات کردەوە: ”بۆ ڕاگرتنی دڵی خەڵکی لە سلێمانی، 100 ھەزار کەس خانەنشین کراون، لەناو ئەوانیشدا خەڵکانی ڕاگەیاندنکار ھەیە و ئافرەتی تێدایە بە پلەی عەمید".
لەلایەن خۆیەوە نەجیبە لەتیف، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە لێژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ھەتا ئێستا ئەو پڕۆژەیە نەھاتووە، بەڵام ئەگەر ھات، قسەی لەسەر دەکەین، بەڵام بەداخەوە لە ھەردوولا لە پلەی تایبەتدا خانەنشینی زۆر کراوە، بۆیە ھەر لایەنێک ئەوەی کردبێت، دەبێ پابەندی ئەوە بێت کە چاکسازی تێدا بکرێت و ئێمە پرۆژەمان ھەبووە بۆ چاکسازی لە لیستی خانەنشینی و ئەوە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە".
ھاوکات کامیل مەحموود، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بۆ (باسنیوز) ئاشکرای کرد: "ئێمە خۆمان ویستمان لەناو حزبدا پێداچوونەوە بەو کەسانە بکەین کە لەناو بزووتنەوە بە پلەی تایبەت خانەنشین کراون و ویستمان بەو لیستانەدا بچینەوە و ھەندێک نووسراومان کرد بۆ ڕاگرتنی مووچەی ھەندێک کەس، بەڵام دواتر حزبێک لە سلێمانی لیستەی گۆڕیوە و خستوویەتییە سەر خۆیان و ناردوویەتی بۆ هەولێر، بۆیە یەکەم حزب بووین، بەبێ ھەڵا و بەبێ موزایەدە، دەستمان کرد بە چاکسازی لە لیستی خانەنشیی خۆمان، بەڵام بەداخەوە دیارە ھەندێک حزب نایانەوێ ئەو کارە بکرێت".
ئەو سەرکردەیەی بزووتنەوە دووپاتی کردەوە: "لە سلێمانی و ھەڵەبجە، ئەو خانەنیشانەی ئێمە داوامان کرد مووچەیان ڕابگیرێت، خستیانە سەر خۆیان و پێیان گوتن، بە بزووتنەوە بڵێن کە ئەوان ناتوانن مووچەکانیان ببڕن و میلاکمان گواستووەتەوە بۆ فڵان حزب".
باسنیوز
