ھەیكەلیەتێكی نوێ بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دانراوە و بچووكیش كراوەتەوە

 ھەیكەلیەتێكی نوێ بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دانراوە و بچووكیش كراوەتەوە
جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە دەڵێ، پڕۆژەی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغی باشی بڕیوە و، لە ئێستادا دەست بە دووبارە داڕشتنەوەی ھەیكەلییەتی وەزارەتی پێشمەرگە كراوە.

لیوا (سالار جەباری) جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ھاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ ھێزی پێشمەرگە بەردەوامن و بڕیارە ساڵی دابێ دوو لیوامان بۆ ئامادە و پڕچەك بكات و پێشتریش ئەو پێداویستیانەی بۆ ھێزی پێشمەرگە لە خواردن و سووتەمەنی و پێداویستیی دیكە بەردەوام رەوانە كراون و رانەگیراون".

لەبارەی پڕۆژەی چاكسازیی وەزارەتی پێشمەرگەوە، (جەباری) گوتی، "لەو پڕۆژەیەیش ئەمەریكا لیژنەیەكی لەگەڵ ئێمەدایە و رۆژانە ھاوكاریمان دەكەن، كارەكانی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیەیش بەردەوامن و قۆناغی باشیشی بڕیوە".

سەبارەت بەو خاڵانەی تاوەكوو ئێستایش جێبەجێ كراون، باسی لەوە كرد كە، "لە ئێستادا لەو خاڵە دەستی پێ كراوە كە باسی دووبارە داڕشتنەوەی ھەیكەلیەتی وەزارەتی پێشمەرگە دەكات و، ھەیكەلیەتێكی نوێ بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دانراوە و بچووكیش كراوەتەوە، كە تەنیا ئەو بەشانەی پێویستن دەمێنن و ئەوانەی دیكە كەم دەكرێنەوە و لادەبرێن".

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە ڕوونیشی كردەوە، "ھەر كاتێك ھەیكەلی وەزارەتی پێشمەرگە تەواو بوو، شۆڕ دەبینەوە بۆ رێكخستنەوەی لیواكانی ھێزی پێشمەرگە و ئەوانیش ھەموویان رێك دەخرێنەوە، بەڵام سەرەتا ویستمان ھەیكەلی وەزارەتی پێشمەرگە دابنرێت ئینجا بچنە سەر رێكخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە".

پڕۆژەیەكی چاكسازی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ئامادە كراوە كە لە ٣٥خاڵ پێك دێت و، لە ئێستایشدا لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەتەوە دەست بە جێبەجێكردنی كراوە.
kdp-
Top