"وەزیری ناوخۆی عێراق هەوڵ بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم دەدات"
عەمید (عەبدولڕەحمان گەردی)، بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامەی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ شاندی فەرمانگەکانی پاسپۆرتی ڕەزگەنامەی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ (قاسم ئەعرەجی)، وەزیری ناوخۆی عێراق لەبارەی چەند پرسێک کۆ بووینەوە و لە کۆبونەوەکەدا چەندین کێشەمان خستە بەردەمی وەزیری ناوخۆ و ئەویش بەڵێنی بە ئێمە داوە لیژنە بۆ کێشەکانی فەرمانگەی پاسپۆرت و نشینگە و ڕەگەزنامەی ھەرێمی کوردستان پێک بێت و ھەر گرفتێک ھەیە لە کاروبارەکاندا چارە بکرێن، دواتر چەندین پێشنیارێک بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانی پاسپۆرت و ڕەگەزنامە درانە وەزیری ناوخۆی عێراق.''
لەبارەی پرسی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستانەوە، عەمید (عەبدولڕەحمان گەردی) ئاماژەیشی دا: ''یەکێک لە داواکارییەکانمان بۆ وەزیری ناوخۆی عێراق کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی بوو، (قاسم ئەعرەجی) بەڵێنی ئەوەی پێ داین بڕیارەکە لەدەست ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە، بەڵام ھەرکاتێک خرایە دەنگدانەوە، دەنگ بۆ کردنەوەی دەدات و داواکاریی ئێمەش بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکان دەگەیەنێتە حکوومەت.''
kdp -
