ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: عەبادی دەیەوێت سزای زیاتری خەڵکی کوردستان بدات
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رايگەیاند: "بەغدا تووشی غروری سیاسی ھاتووە، دەیەوێت سزای زیاتر خەڵکی کوردستان بدات، چونکە نە بەقسەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات نە بەو پێشنیارانەی دەکرێن بۆ گفتوگۆ رازییە".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی، ئەوەشی روون کردەوە، کە عەبادی نزیک بووەتەوە لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق و دەیەوێت بێ رکابەری سیاسی بێت، گوتیشی: "بەداخەوە ئێمەش لەناوخۆماندا جۆرێک لە شپرزەیمان پێوەدیارە، بەتایبەت ھەندێک کەس و ھێزی سیاسی خەرکی جێبەجێکردنی ئەجێندای بەغدان".
ئاشکراشی کرد: "بەغدا دەتوانێت سزامان بدات، دەتوانێت بودجەمان لەسەر ببرێت، بەڵام ناتوانێت ھەستی نەتەوە و شەرەفی نیشتمان پەروەریمان لێ وەربگرێتەوە، ھەر ڕۆژێکیش بێت خۆی دەبێت بەرپرسیاریەتی دۆخەکە لەئستۆ بگرێت و تاچەندە فشار دروست بکات ئەوەندە مەترسی لەسەر خۆی دەبێت".
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، ئاماژە بەوەش دا: "حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق باشتر نەبوون، سەرجەمیان سزایی خەڵکی کوردستانیان داوە، بۆیە یان دەبێت لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکشێینەوە بۆ ئەوەی کارتی فشارمان ھەبێت، یان دەبێت چاوەڕوانی ئەوە نەکەین کە بەغدا بە دەستوورەوە پابەند دەبێت".
باسنيوز
