ڕاوێژکارێکی م.س یەکێتی: کشانەوەی گۆڕان و کۆمەڵ بۆ بەرژەوەندیی خەڵک نییە

 ڕاوێژکارێکی م.س یەکێتی: کشانەوەی گۆڕان و کۆمەڵ بۆ بەرژەوەندیی خەڵک نییە
ڕاوێژکارێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی ڕای دەگەیەنێت، گۆڕان و کۆمەڵ لەپێناو خەڵکی کوردستان لە حکوومەت نەکشاونەتەوە، بەڵکوو لەپێناو کۆکردنەوەی دەنگدا کشاونەتەوە.

نیازی ھۆرامی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی لەسەر کشانەوەی گۆڕان و کۆمەڵ لە حکوومەت ڕايگەیاند: "ئێمە پێمان وایە گۆڕان و کۆمەڵ نە لەبەر بەرژەوەندیی خەڵک و نە لەبەر بەرژەوەندیی کوردستان لە حکوومەت نەکشاونەتەوە، بەڵکوو لەبەر بەرژەوەندیی خۆیان و کۆکردنەوەی دەنگ لە ھەڵبژاردنی داھاتوو کشاونەتەوە، گۆڕان و کۆمەڵ لە حکوومەت کشاونەتەوە، بەڵام لە حکوومەتە خۆجێییەکاندا دەڵێن ناکشێینەوە، بۆیە پێم وایە ئەوان حەزیان لە گۆشتخواردنە و کاتێک گۆشتەکەیان بۆ دەست نادات، ئەڵێن ئێمە گۆشتاوەکە دەخۆین".

لەسەر ھەڵپەساردنی ڕێککەوتنەکەی دەباشان کە لە نێوان یەکێتی و گۆڕاندا واژۆ کرا، ئەو ڕاوێژکارەی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد: "ڕێککەوتنەکە دوو لایەنانە کراوە، بەڵام گۆڕان تاکلایەنانە بڕیاری ھەڵپەساردنی داوە، بۆیە یەکێتی و مەکتەبی سیاسی ھەڵوێستیان لەسەر ئەمە دەبێت، بەڵام ھێشتا مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کۆ نەبوونەتەوە و دوای کۆبوونەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم بابەتە دەدرێت".

دوای مانەوەیان بۆ ماوەی 4 ساڵ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان، لە هەفتەی ڕابردوودا کە تەنیا چەند مانگێک ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، بڕیاریان دا لە حکوومەت بکشێنەوە، چاودێرانیش ئەم بڕیارەیان بە ”موزایەدەی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن“ وەسف کرد.










باسنيوز
Top