عەبدوڵای کوێخا موبارەک: عەبادی و بەغدا لە کوردستان دەڵاڵیان هەیە و شاسوار عەبدولواحید دەڵاڵەکەیانە
عەبدوڵا کوێخا موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (ئاوێنە) و لە بارەی پرسیاری (پێتانوایە لەناوخۆی خۆماندا هاوکاری عەبادی بکرێت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی لە هەرێمی کوردستان؟)، بە ڕاشکاوانە وەڵامی داوەتەوە و گوتوویەتی: ”حەیدەر عەبادی و حکوومەتی عێراقی دەڵاڵیان لە کوردستان هەیە، شاسوار عەبدولواحید دەڵاڵەکەیانە لە هەرێمی کوردستان“.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە: ”عەبادی و حکوومەتی عێراق دەیانەوێت لە ڕێگەی شاسوارەوە داوا ڕەواکانی خەڵک بگۆڕێت بۆ پشێوی و نانەوەی ئاژاوە و شێوازی توندوتیژییانە، دواتر وا لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی بکات، ڕێگە بە بەغدا بدەن، بۆ دەستێوەردان و ئەزموونی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێننەوە“.
لە کۆتاییشدا ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان باسی لەوە کردووە کە ئەوان ”بە بەرپرسیارێتی“یەوە مامەڵەیان کردووە و نەیشاردووەتەوە: ”هەموو ترسێکمان ئەو بەرنامە و پیلانەی حکوومەتی عێراقە. ئەگینا بزووتنەوەی گۆڕان هەرگیز دەستبەرداری مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان نابێت“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای چەند کاتژمێرێک لە دەست پێکردنی خۆپیشاندان لە ڕۆژی 18ی 12ی 2017، کەناڵی (NRT) کە شاسوار عەبدولواحید خاوەنیەتی (سەرەڕای ئەوەی بانگەشەی فرۆشتنی دەکات)، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرژی و ئاڵۆزییەکان و سووتاندنی بارەگا حکوومی و حزبییەکانی بڵاو دەکردەوە. شاسوار عەبدولواحیدیش چەند لێدوانێکی بۆ خەڵکی دا و بەو هۆیەوە سەرۆکی داواکاری گشتی بە وەکالەت داوای لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی کرد، بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ خۆپیشاندان و توندوتیژی، ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بە شاسوار عەبدولواحید بگرنە بەر و بەو هۆیەوە دەستگیر کرا.
باسنيوز
