كوڕی محەمەد دەست لەکار دەکێشێتەوە و بە مووچەیەکی 9 ملیۆنی خانەنشین دەکرێ
د. مەدحەد سلێمان، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 26/12/2017، یوسف محەمەد، لە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانەوە لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، نامەی دەست لەکار کێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەخوێنێتەوە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە دواتر نامەکە بۆ پەرلەمانی کوردستان دەنێردرێت و لە پەرلەمانەوە دەنگی لەبارەوە دەدرێت.
ئەو ڕاوێژکارەی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە دوای پەسەندکردنی دەست لەکار کێشانەوەکەی، ”یوسف محەمەدیش بە مووچەیەکی 9 ملیۆن دیناری دەچێتە ڕیزی خانەنشینانی پلە تایبەتەوە“.
دوای مانەوەیان بۆ ماوەی 4 ساڵ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان، لە هەفتەی ڕابردوودا کە تەنیا چەند مانگێک ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، بڕیاریان دا لە حکوومەت بکشێنەوە، چاودێرانیش ئەم بڕیارەیان بە ”موزایەدەی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن“ وەسف کرد.
