هه‌وڵده‌درێت لیستێكى كوردستانى بۆ ناوچه كوردستانییه‌كان پێكبهێنرێت
په‌رله‌مانتارێكى كورد ئاشكراى ده‌كات، له هه‌وڵدان بۆ دروستكردنى لیستێكى كوردستانى بۆ ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، ئاشكراشی ده‌كات، كه لیسته‌كه له ده‌موچاوى نوێ پێكده‌هێنرێت. هاوكات به‌رپرسی لقى پارتى له كه‌ركووك، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، كه نابێت میلیشیاكانى ناوچه‌كه به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.
محه‌مه‌د خورشید، به‌رپرسی لقی كه‌ركووكى پارتی دیمو‌كراتى كوردستان، ڕاگه‌یاند: "هیچ هێزێكی فه‌رمی دانپێنراو له عێراقدا بۆی نییه به‌شداری له كاری سیاسی‌دا بكات و ئه‌مه‌ش به ده‌ستوور ڕێگه‌ی لێگیراوه، به‌ڵام كێشه‌ی گه‌وره‌ی عێراق ئه‌وه‌یه، ئه‌وانه‌ی به‌ناو جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور كار ده‌كه‌ن، چاوپۆشى له‌كاره نادهستوورییهكان ده‌كه‌ن".
ڕوونیشی كرده‌وه، كه به پێی ده‌ستووری عێراق له ساڵێ 2005 سوپاى عێراق ڕێكخرایه‌وه، جگه له سوپا و ده‌زگای هه‌واڵگری، هێزه ئه‌منییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پاسه‌وانانی هه‌رێمى كوردستان، هیچ هێزێكی دیكه یاسایی نییه، گوتیشی: "ئه‌وه‌ی له په‌رله‌مانی عێراق بۆ حه‌شد كراوه، له‌ده‌ستووردا جێی نه‌كراوه‌ته‌وه، بۆیه یان ده‌بی پاسه‌وانی هه‌رێمی بن، یان میلیشیان و نابێت بمێنن".
هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه، شاخه‌وان عه‌بدوڵا، جێگری سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به (باس‌نیوز)ى ڕایگه‌یاند: "گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه، كه چۆن لیستێكى كوردستانى به ده‌مووچاوى نوێوه له ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان دروست بكرێت".
جه‌ختیشی كرده‌وه، ئه‌وانه‌ى له ناشیرینكردنى كورد له‌و ناوچانه تێوه‌گلاون، لاده‌برێن، گوتیشی: "كوردستانییان دواى خیانه‌تى 16ى ئۆكتۆبه‌ر له‌و حزب و ڕه‌نگانه‌ى له خیانه‌ته‌كه ده‌ستیان هه‌بووه، بێزار بوون، پێویستیشه هێزه بیانییه‌كان له ناو شاردا نه‌هێڵدرێن و هێزى پێشمه‌رگه ببێته به‌شێك له پاراستنى ئه‌و ناوچانه".
bas news-
