سامان شاڵی: ھەندێ لایەن مەبەستیان چارەكردنی كێشەكان نییە و پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن ده‌كه‌ن

سامان شاڵی: ھەندێ لایەن مەبەستیان چارەكردنی كێشەكان نییە و پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن ده‌كه‌ن
كەسایەتیی سیاسیی ھەرێمی كوردستان (د. سامان شاڵی)، ھەڵبژاردن بە تاكە چارەسەر دەزانێ بۆ دەرچوون لە قەیرانەكانی ئێستای ھەرێمی كوردستان و دەڵێ، حكوومەت بە گۆڕان و كۆمەڵ ھەڵناوەشێتەوە و پێویستی بە پارتی و یەكێتی ھەیە، چونكە دوو ھێزی سەرەكین لە حكوومەت و پەرلەماندا.

حەفتەی رابردوو، ھەریەك لە گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاریان دا لە كابینەی ھەشتەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكشێنەوە و، چاودێرانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، خۆكێشانەوە لەم كاتەدا بۆ ئەوەیە تا پڕوپاگندەی ھەڵبژاردنی پێوە بكەن. لەم بارەیەوە، دكتۆر (سامان شالی)، كەسایەتیی سیاسی و ئاكادیمی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بڕیاری كۆمەڵ و گۆڕان بۆ كشانەوە لە حكوومەت ھەڵەیە بە ڕای من، ھەرچەندە ھێشتا بە فەرمیی خۆیان نەكێشاوەتەوە لە كابینەی حكوومەت لە ڕووی یاساییەوە، چونكە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە یەكگرتوو و كۆمەڵ و گۆڕان ھەڵناوەشێتەوە و پرسەكانیش بەمە چارە ناكرێن، ھەر كابینەیەكی حكوومەت بۆ ھەڵوەشاندنەوە پێویستە لە پەرلەمانەوە دەنگی بۆ بدرێت، ئەگەر نیازیان ئەوە بێت بە كشانەوە حكوومەت تێك دەچێت و وەك گوشار بەكاری دێنن، ئەوە بە بێ پارتی و یەكێتی ناتوانن حكوومەت ھەڵوەشێننەوە".

ئەو كەسایەتییە سیاسیە باوەڕیشی وایە، "لەبری خۆكێشانەوە لە حكوومەت، پێویستە ئەو لایەنانە بە دەم داواكاریی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستانەوە بچن بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و حكوومەتێكی نوێ بە شەرعییەتێكی نوێوە پێك بێت، لە رێگەی ھەڵبژاردن و حكوومەتی نوێیشەوە دەتوانرێت كێشەكانی ئێستای ھەرێمی كوردستان چارە بكرێن نەك ھەڵوێستوەرگرتن لەوەی خۆیان بۆ ئەو سێ مانگەی ماوە لە حكوومەت بكشێنەوە".

وەك (شالی) جەختی كردەوە، "باشترین چارەسەر بۆ دەرچوون لە قەیرانەكانی ئێستای ھەرێمی كوردستان ئەوەیە كە، ھەڵبژاردن بكرێت و لە رێگەی سندووقی دەنگدانەوە لایەنەكان بگەنە رێككەوتن و كێشەكان چارە بكرێن، ئەوەی ھەندێ لایەن دەیەوێ بە ھۆی گوشاری شەقام و بەكارھێنانی بۆ پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن دەیكەن، مەبەست لێی چارەكردنی كێشەكان نییە".
kdp-
Top