عەلا مەکی: ئەگەر بەغدا دانوستان لەگەڵ هەولێر نەکات هەموو لایەک زەرەرمەند دەبین

 	 عەلا مەکی: ئەگەر بەغدا دانوستان لەگەڵ هەولێر نەکات هەموو لایەک زەرەرمەند دەبین
سەرکردەیەکی سوننەکان دەڵێ، پێویستە بە زووترین کات بەغدا و ھەوڵێر دانوستان ئەنجام بدەن و کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، چونکە بەغدا ھیچ بیانوویەکی نەماوە گفتوگۆ لەگەل ھەرێم نەکات، بۆیە ئەگەر دانوستان نەکرێت، زیان بە ھەموو لایەک دەگەیەنێت.

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە ھەرێمی کوردستان و بەغدا دانوستان ئەنجام بدەن و کێشەکانی نێوانیان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکەن، بەڵام بەغدا و بەتایبەت سەرۆکوەزیرانی، تاوەکو ئێستا ئامادە نییە گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بکات، بۆ ئەمەش بەغدا تا ئێستا داواکارییەکی ڕوونی نییە بۆ ڕەتکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.

لەم بارەیەوە نوێنەری پارتی ویفاقی نیشتمانیی عێراق، بە سەرۆکایەتیی (ئەیاد عەلاوی) لە ھەرێمی کوردستان، (عەلا مەکی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێویستە بە زووترین کات دانوستان لە نێوان ھەرێم و بەغدا دەست پێ بکات و ھەردوو لاش زۆر جیددی بن لە دانوستانەکان، بۆ ئەوەی ئەنجامی باش ھەبێت، چونکە ئەگەر ئەو دانوستانانە ئەنجامی باشی ھەبێت سوودی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێت، بۆیە ئێمە پێمان وایە ھیچ بیانووەک نییە بۆ دواخستنی دانوستان، چونکە دواجار بە زیانی ھەموولایەک دەشکێتەوە، بۆیە پێویستە سەرجەم کێشەکان چارە بکرێن.''

(عەلا مەکی) گوتی: 'لە دواین کۆبوونەوەی ھەرسێ سەرۆکایەتیی عێراقدا (ئەیاد عەلاوی) پێشنیارێکی بۆ چارەکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا پێشکەش کرد، بۆ ئەوەی بە زووترین کات گفتوگۆ دەست پێ بکات و کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن، بەڵام سەرۆکوەزیران بەبێ ئەوەی ھۆکارەکەی دیار بێت، ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو.''

لەبارەی ھۆکاری ئامادەنەبوونی بەغدا بۆ دانوستان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان (مەکی) گوتی: ''تا ئێستا دیار نییە سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئامادەی گفتوگۆ نییە و ئێمە داوای لێ دەکەین ئەمە ڕوون بکاتەوە و ھەڵوێستی خۆی دیاری بکات، بەڵام ڕەنگە لە نێو کوتلەی ھاوپەیمانیی نیشتمانیدا ڕای جیاواز ھەبێت، بەڵام سەرۆکوەزیران کە لە پۆستێکدایە نابێت گوێ بە حزبەکان بدات و ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و بیسەلمێنێت کە سەرۆکوەزیرانی ھەموو عێراقە.''

(مەکی) گوتیشی: ''ھەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کە پێویستە دانوستان بکرێت و مافەکانی ھەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور بدرێت و دانوستانەکانیش بە زووترین کات ئەنجام بدرێت و زیاتر دوا نەکەون.''
kdp-
Top