حەیدەر عەبادی لە ترسی جەماوەرەکەی دەرگاگانی داخستووە

حەیدەر عەبادی لە ترسی جەماوەرەکەی دەرگاگانی داخستووە
پێشوازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دانوستانەکان و گوشاری نێودەوڵەتی بۆ سەر بەغدا، دواجار (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراقی هێنایە سەر خەت بۆ ئەوەی ئەو دەرگایەی لە ترسی جەماوەرەکەی دایخستبوو، کەمێک بیکاتەوە.

رووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، بە تەواوی پێوەندییەکانی نێوان حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدای بە بنبەست گەیاند. ئێستاش دوای چەند هەوڵێکی نێودەوڵەتی و دەستپێشخەریی سەرۆککۆماری عێراق، بڕیارە (قاسم ئەعرەجی)، وەزیری ناوخۆ و (عیرفان حەیالی)، وەزیری بەرگریی حکوومەتەکەی (عەبادی)، سەردانی کوردستان بکەن و لەبارەی خاڵە سنووری و فرۆکەخانەکان، لەگەڵ حکوومەتی هەولێر گفتوگۆ بکەن. تا ئێستا کاتی سەردانی ئەو دوو وەزیرە بۆ کوردستان، بە تەواوی دیار نییە.

(عەرەفات کەرەم)، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەڵوێست و کاردانەوەکانی ئەم دواییەی (حەیدەر عەبادی) بە "بەهیز" نازانێ و پێی وایە هەموویانی لە ڕووی "لاوازییە".

ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "سەرۆکوەزیرانی بەغدا لەوە تێگەیشتووە کە کورد لە هەڵوێستەکانی بێزار بووە و ڕەنگە بە شوێن بەدیلی دیکەدا بگەڕێت، بۆیە ئێستاش باس لە هاتنی شاندنی بەغدا بۆ کوردستان دەکرێت."

(عەرەفات کەرەم) وەک زۆربەی سیاسییەکانی کورد جەخت لەوە دەکاتەوە هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی (عەبادی) بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان گرتوویەتەبەر، بۆ پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردنە. ئەو دەڵێت: "سەرۆکوەزیرانی بەغدا ترسی لە جەماوەر و شەقامی شیعە هەیە، بۆیە دەرگای گفتوگۆی بە ڕووی کوردستاندا گرتووە."

حکوومەتی بەغدا چەند مەرجی بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ هەولێر هەیە و هاوکات کوردیش مەرجی هەیە و داوا دەکات هەموو ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنەوە، کە دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، دژ بە هەرێمی کوردستان دەرکران.
kdp-
Top