خورماتوو.. حەشدی شەعبی داوای سەرانە لەخەڵک دەکات
محەمەد فایەق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، ڕای گەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 18/12/2017، ژمارەیەک لە چەکدارانی کەتائیبی حزبولڵای سەر بە حەشدی شەعبی، چونەتە گەڕەکی برایەتیی خورماتوو، ھەڕەشەیان لە چەند ماڵە کوردێکی ھەژار و کەمدرامەت کردووە کە لە سەر زەوی شارەوانی خانوویان بۆ خۆیان دروست کردووە".
بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، ئەوەشی خستە روو، کە چەکدارەکان داوای پارە و سەرانەیان لەو ماڵە ھەژارانە کردووە و بە پێچەوانەوە خانووەکانیان بەسەردا دەڕوخێنن.
ژمارەی ئەو خانووانەی کە لەلایەن ھاووڵاتییانی کەمدرامەتەوە لە سەر زەوی شارەوانی دروست کراون 50 خانوون، ئێستاش حەشدی شەعبی ھەڕەشەی ئەوە دەکات، ئەگەر پارەیان پێ نەدرێت، بەکۆمەڵ ئەو خانووانە دەڕوخێنن.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەت کار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
باسنيوز
