حکوومەتی بەغدا پێشێلکارییەکی دەستووریی دیکە بەرانبەر بە کورد و سوننە دەکات
(حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆنترۆڵکردنەوەی هەموو ناوچەکانی ژێردەستی داعشی لە لایەن سوپای وڵاتەکەیەوە ڕاگەیاند و بە پێی فەتوای (عەلی سیستانی)، ئەمە بە واتای کۆتاییهاتنی چەکدارانی حەشدی شەعبی بێت.
ئەو گەورەمەرجەعەی شیعەکان داوای کردووە، چەکدارانی حەشدی شەعبی چەکەکانیان دابنێن و تێکەڵ بە دەزگا ئەمنییەکانی وڵات بن، بەڵام شارەزایان پێیان وایە کۆتایی بە حەشدە نایەت و تەنیا لەبەر گوشاری نێودەوڵەتییە ئەمە دەکرێت.
(نەدا مێرگەسووری)، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدووری دەزانێ حەشد هەڵبوەشێتەوە.
(مێرگەسووری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "قسە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، بە هۆی گوشاری نێودەوڵەتییە لەسەر حکوومەتی بەغدا و دواجار شیعەکانیش ئەمە وەک بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن. ڕێکخستنی حەشدی شەعبی لە بنەڕەتدا نادەستوورییە و سەرەڕای ئەمەش من بەدووری دەزانم هەڵبوەشێتەوە."
ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی نزیک بە ١٥٠ هەزار کەسە و کاتێک ئەو هێزانە تێکەڵ بە دەزگا ئەمنییەکان ببن، ژمارەی شیعە لەو هێزانەدا زیاتر دەبێ و لە بەرانبەردا ژمارەی کورد و سوننە کەم دەبێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا ڕێژەی کورد لە سیستەمی بەرگریی عێراقدا بۆ ٢% کەم بووەتەوە و بە پێی دەستووری دەبوایە ١٧% بێت.
dpk -
