عێراق بە یاسای بەعس سزایەکی دیکە بەسەر کوردستاندا دەسەپێنێت

 عێراق بە یاسای بەعس سزایەکی دیکە بەسەر کوردستاندا دەسەپێنێت
حکوومەتی عێراق سزایەکی دیکە بەسەر گەلی کوردستاندا دەسەپێنێت و کارگە و کۆمپانیاکان ناچاری مامەڵەیەک بە یاسای بەعس دەکات.



بەپێی زانیارییەکان، حکوومەتی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە و تێیدا داوای لە ھەموو کارگە و کۆمپانیا بەرھەمھێنەکانی کوردستان کردووە، لە بەغدا ناوی خۆیان تۆمار بکەن، تا بتوانن بەرھەمەکانیان بنێرنە عێراق.



عەبدولڕەزاق عوسمان ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بەغدا لەو بڕیارەدا، پشتی بە یاسایەی ساڵی ١٩٩٨ـی رژێمی بەعس بەستووە.



ئەو ھەڵویستەی حکوومەتی عێراق بەرامبەر کۆمپانیا و کارگە بەرھەمھێنەکانی کوردستان، بەشێکە لەو سزا و گەمارۆیانەی بەغدا دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بەسەر گەلی کوردستانیدا سەپاندووە.



رۆژی ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧، گەلی کوردستان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لە ریفراندۆمێکدا، و زیاتر لە %٩٢ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا. دوای ریفراندۆم، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر کوردستاندا سەپاند، داخستنی فڕۆکەخانەکان و ھەوڵیشی دا کیانی کوردستان بە تەواوی لەناو ببات، بەڵام قارەمانێتیی پێشمەرگە ھێرشەکانی سوپا و میلیشیا عێراقییەکانی تووشی شکست کرد.







باسنيوز
Top