چەند دەستەڵاتێك لە سەرۆكوەزیرانی عێراق دەستێندرێنەوە

 	 چەند دەستەڵاتێك لە سەرۆكوەزیرانی عێراق دەستێندرێنەوە
لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەوڵ هەیە بۆ سەندنەوەی چەند دەستەڵاتێك لە سەرۆكوەزیرانی عێراق و پڕۆژەیاسایەكیش لەو بارەیەوە ئامادە كراوە، بەڵام پێدەچێت بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان دوا بخرێت.

بەشێك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسایەكیان ئامادە كردووە و ئێستا لە لیژنەی یاسایی ئەو ئەنجوومەنەیە.

(زانا رۆستایی) ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، "لەو پڕۆژەیاسایەدا كۆمەڵێك دەستەڵات لە سەرۆكوەزیران دەستێندرێنەوە و دەخرێنە سەر دەستەڵاتەكانی سەرۆكایەتیی كۆمار."

تا ئێستا بە وردی باس لەو دەستەڵاتانە نەكراوە كە دەخرێنە سەر دەستەڵاتی سەرۆككۆمار، بەڵام وەك ئەندام پەرلەمانەكە ئاشكرای دەكات، بڕیاردان لەسەر كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و رۆڵی زیاتر لە ئاشتەوایی نیشتمانی، بەشێك لەو دەستەڵاتانە دەبن.

بە پێی دەستوور، دەستەڵاتەكانی سەرۆككۆمار زیاتر تەشریفاتین، بەڵام هاوكات باس لەوەیش كراوە كە رۆڵی لە دەستەڵاتی جێبەجێكاریشدا هەیە.

(رۆستایی) دەڵێ، "بەپێی دەستوور، دەستەڵاتی جێبەجێكار تەنیا هیی ئەنجوومەنی وەزیران نییە و سەرۆكایەتیی كۆماریش تێیدا بەشدارە. لەناو دەستووردا چەندین دەستەڵات بە روونی وەك دەستەڵاتی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لێ نەكراوە، بۆیە ئێمە دەتوانین ئەوانە بخەینە سەر دەستەڵاتەكانی سەرۆكایەتی كۆمار."

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشكرای دەكات كە، سەرەڕای ئەوەی (حەیدەر عەبادی) دەیەوێ هەموو دەستەڵاتەكان بگرێتە دەست، بەڵام ناتوانێ رێگر بێت لە رۆڵی جێبەجێكاری سەرۆكایەتیی كۆمار كە لە دەستووردا پێی دراوە.
kdp-
Top