گۆڕان داوا دەکات لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بکرێ

 گۆڕان داوا دەکات لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بکرێ
بزووتنەوەی گۆڕان داوا دەکات، لە ڕێگەی دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بکرێت و ئەو کەسانەی پۆست و پلەی فەرمییان هەیە، لە ڕێگەی وەزارەتی پێشمەرگەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

بەھار مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند: "بەرنامەمان ھەیە بۆ بانگکردنی ئەو کەسانەی کە لە 16ی ئۆکتۆبەردا تێوەگلاون، ئەویش لە ڕێگای دامودەزگاکانەوە، چونکە پەرلەمانی کوردستان بۆ خۆی دەزگایەکی یاساییە، بۆیە لە ڕێی وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت ئەو کەسانەی کە پلەی فەرمییان ھەیە، بانگ دەکرێن“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەو کەسانەی لە هیچ سیفەتێکی فەرمییان نییە، ناتوانن بانگهێشتی پەرلەمانیان بکەن. گوتیشی: ”دەکرێ لە پەرلەمان لێژنەیەک پێکبهێندرێت تا ئەو کاتەی دەگاتە ڕاستییەکان و دواجار لێپێچینەوەی خۆی بکات".

هەر لەمبارەیەوە عەزیمە نەجمەدین، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: "ھەموو بەرپرسە باڵاکان، ئەوانەی کە لە کەرکووک بوون و ناوچەکەیان چۆڵ کرد، ئاگاداری ئەو دۆخەن کە بەسەر کەرکووک و ناوچەکاندا ھاتووە، چونکە ئیشەکە بە ڕێککەوتن بووە".

ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕوونی کردەوە کە کارێکی زۆر باشە ئەگەر لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکرێ کە لە 16ی ئۆکتۆبەردا تێوە گلاون. دەشڵێت: ”ئەو کەسانەی لە ڕووداوەکەی 16ی ئۆکتۆبەردا تێوەگلاون، دەچنە قاڵبی خیانەتەوە، چونکە کەرکووک و ئەو ناوچانەی کە خوێنمان بۆ بەخشیوە و خەڵکمان بۆ بە کوشت داوە، ھەر وا بە ئاسانی ڕادەستی حکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی بکەن، بێگومان دەچێتە خانەی خیانەتەوە".

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.










باسنیوز
Top