وەزارەتی خوێندنی باڵا 30 سکۆلەرشیپی لە ھەنگاریا راگەیاند
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە راگەیەندراوێکدا، کە وێنەیەکی نێردراوە، تێدا ئاماژە بەوە دابینکردنی 30 سکولەرشیپی لە وڵاتی ھەنگاریا دەدات، بۆیە داوای کردووە، کە ھەر کەسێک مەرجەکانی تێدایەو ئارەزوی خوێندن لەو وڵاتە دەکات، تا وادەی دیاریکراو کە (١٦/٢/٢٠١٨)یە فۆرمی تایبەت بەو سکۆلەرشیپە پڕ بکاتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئاماژەی بە مەرجەکانی خوێندنی ماستەر داوە، پێشکەشکار دەبێت ھاوڵاتی ھەرێمی کوردستان بێت، ئەگەر فەرمانبەر یا مامۆستا، لە دەزگا و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی لە پاش بە دەستھێنانی دوایین بروانامە ھەبێ، واتا لە دوای بە دەستھێنانی دواین بروانامە، دەبێت پێش ڕێکەوتی (١/١/٢٠١٦) دەست بەکاربوبێتەوە یا دامەزرا بێت، ھاوکات دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٪٦٥) کەمتر نەبێت.پێویستە تەمەنی لە (٤٥) ساڵ زیاتر نەبێت، ھەروەھا خوێندن لەم سکۆلەرشیپە بە زمانی ئینگلیزیە، دەبێت پێشکەشکار بە لایەنی کەم ئاستی زمانی ئینگلیزی (٥) IELTS یان ھاوتاکەی لە تاقیکردنەوە ستانداردەکانی دیکەی توانستی زمان کە بریتین لە (Pearson و IPT TOEFL وTOEFL PBT)، (خشتەی بەراوردکاری ھاوپێچە).
وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوەشی روون کردووەتەوە، کە ئەم سکۆلەرشیپە پشتگیری مۆڵەتی ھاورێیەتی ھاوسەر ناکات، ھەروەھا پرۆسیسی ڤیزەی ھاوسەر و منداڵ ناکرێت، ھاوکات کاندیدی سەرکەوتو ئەگەر دامەزراو بێت، لە لایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنھا مۆڵەتی خوێندندنی پێدەدرێت، واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان، ھەروەھا کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی ھەنگاریا مانگانە بڕی نزیکەی (١٣٠) یۆرۆی وەک دەرماڵەی مانگانە پێدەدرێت، لە ھەمان کاتدا بیمەی تەندروستی و کرێی خوێندن و بەشی ناوخۆیی لە زانکۆ بۆ دابین دەکرێت، بەڵام کرێی فرۆکەی بۆ دابین ناکرێت، دوا مۆڵەتیش بۆ پێشکەشکردن ڕێکەوتی (١٦/٢/٢٠١٨)یە.
لەو راگەیەندراوەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو، وەزارەتی خوێندنی باڵا، ھیچ بوارێکی تایبەتی بۆ پێشکەشکردن دیاری نەکردوە، بەڵکو پێشکەشکار بۆی ھەیە بۆ ھەر بەرنامەیەک داواکاری پێشکەش بکات، بەڵام دەبێت لە ھەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات، پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ و، تەنھا لە ڕێگەی وێبسایتی سەرەکی زەمالەی (ھەنگاریا) دەبێت، ھاوکات ئەگەر کاندیدی سەرکەوتو پاشگەز بوەوە یا لە خوێندن بەردەوام نەبو، ئەوا ناوی دەخرێتە لیستی ڕەش و، جارێکی دیکە بۆی نییە داواکاری پێشکەش بە ھیچ بەرنامەیەکی خوێندنی باڵا لە ناوخۆ یا دەرەوە بکات.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، مەرجەکانی خوێندنی دکتۆراشی بڵاو کردووەتەوە، ھەمان ئەو مەرجانەیە کە لە خوێندنی ماستەر ھەیە، تەنیا پێویستە کۆنمرەی ماستەری لە (٪٧٠) کەمتر نەبێت، دەبێت تەمەنی لە 50 ساڵ زیاتر نەبێت، ھەروەھا کاندیدی سەرکەوتو لەلایەن وڵاتی ھەنگاریا، مانگانە بڕی نزیکەی (٤٥٠) یۆرۆی وەک دەرماڵەی مانگانە پێدەدرێت، لەگەڵ گشت بیمەکان.
bas news-
