توێژینەوە لەسەر دەستنووسی نێو کلێساکان دەکرێت

توێژینەوە لەسەر دەستنووسی نێو کلێساکان دەکرێت
ئەمڕۆ چوارشەممە 13/12/2017، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەگەڵ وەفدێکی سریانییەکان کۆبوویەوە.


د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەگەڵ وەفدێکی سریانییەکانی کوردستان کۆبوویەوە و لە سەرەتای دیدارەکەدا، د.سرود سەلیم موقەدەسی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، رای گەیاند کە لەماوەی ڕابردوودا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پاڵپشتی و پشتیوانییەکی زۆری گەشەپێدانی زمانی سریانی کردووە.



ھاوکات د.حەبیب حەنا، سەرۆکی کۆمەڵەی حەدبا بۆ توانستەکان، دوای ستایشکردنی کارو پڕۆژەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، رای گەیاند: "لە ھەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ ئەوەی زیاتر بەشێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی گەشە بەزمانی سریانی بدەین، بەڵام بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێویستمان بەپاڵپشتی و پشتیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ھەیە".



لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، د.سەلام نیعمە ھورمز، سەرۆکی بەشی زمانی سریانی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەڵاحەدین، ئەوەی خستە روو، کە لەئێستا ٣٨ قوتابیان ھەیە، کە سێ لەو قوتابیانە کوردن، گوتیشی چەند پڕۆژەیەکمان ھەیە بۆ گەشەپێدانی زیاتر بەشەکەمان".



لە بەرامبەردا، د.یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەوەی روون کردەوە، کە زمانی سریانی ھاوشانی زمانەکانی دیکەی کوردستان بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوە لە مێژوو، کەلتوور و ناسنامەی میللەتەکەمان، گوتیشی: "کەنیسەکانی کوردستان کۆمەڵێک دۆکیۆمێنت و ئەرشیفی تێدا پارێزراوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە وەک پێویست سوود لەو دۆکیۆمێنت و سەرچاوانە وەربگیرێت".


وەزیری خوێندنی باڵا، ئەوەشی پێشنیازی کرد بەشی زمانی سریانی پڕۆژەیەک پێشکەش بکەن بۆ کردنەوەی ژمارەیەک کوردی خوێندنی باڵا/ماستەر لە بواری زمانی سریانی بۆ توێژینەوەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو دۆکیۆمێنتانەی لە کەنیسەکان پارێزراون.
bas news-
Top