کێشەی نێوان یوسف محەمەد و خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان تەشەنە دەکات
ئاراس وەلی ئەحمەد، ھەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، لەدەرەوەی وڵات،رایگەیاند: "ماوەی چەند رۆژێکە یوسف محەمەد، لە دەرەوەی وڵاتە، لەکاتێکدا دەبوو ئەو ئیستا لەپەرلەمانی کوردستان بوایە، ھەڵگری بەرپرسیاریەتی دەنگی خەڵک بوایە، بەڵام بەداخەوە بەھۆی گرفتی نێو گۆڕان، گەڕانەوەی یوسف محەمەد راگیراوە، ئەوەش بەشێک لە گرفتەکانی پەیوەندی بەخودی خۆی و خانەی راپەراندنەوە ھەیە".
ئەو ھەڵسوڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەوەشی خستە روو: "ئاگاداری ھەموو لایەکی گۆڕانمان کردوەتەوە، کە نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد گرفتەکان گۆڕان گەورەتر دەکات، بۆیە دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان دەبێت بچێتەوە پەرلەمان".
ھاوکات پەیام ئەحمەد، ھەڵسوڕاوێکی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕانە، جەختی لەوە کردەوە کە بابەتی گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، دراوەتە دەست یوسف محەمەد، دەبێت ئەو خۆی بڕیاری لەسەر بدات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی سەردانیکردنی بۆ لای کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یوسف محەمەد، هێرشێکی گەورەی لەلایەن چەند سەرکردەیەکی گۆڕانەوە کرایە سەر و عەبدوڵای کوێخا موبارەک، باژێڕوانی مەکۆی چەمچەماڵی گۆڕان یوسف محەمەدی بە ”کۆنە پاسەوان“ وەسف کرد و هێرشی کردە سەر. هاوکات ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پێشتر یوسف محەمەد هەڵسووڕاوانی گۆڕانی لە دژی خانەی ڕاپەڕاندن هان داوە.
باسنيوز
