لە پێنجوێن زیاتر لە 600 كیلۆ گرام جگەری ماوەبەسەرچووی ئێرانی دەستی بەسەردا گیرا
"عەبدوڵا كەریم"، لێپرسراوی بنكەی پۆلیسی گومرگی پێنجوێن، ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی لەلایەن هەواڵدەرێكەوە، زانیاری و هەواڵی ئەوەمان پێگەیشت، كە كەسێك بە شێوەیەكی نایاسایی بارێكی قاچاخی پێیە و جگەری مریشكی ئێكسپایەری ئێرانی پێیە و لە سنووری نێودەوڵەتیی باشماخەوە دێتە بازگەی پێنجوێن، ئێمەش دەستمان كرد بە لێكۆڵینەوە".
عەبدوڵا کەریم لە درێژەدا گوتیشی: "كاتێك ئەو بارە هات توانیمان لە بازگەكە، دەستی بەسەردا بگرین بڕی زياتر لە (600) كیلۆ جگەری مریشكی ماوە بەسەرچووی ئێرانی كە بە شێوەیەكی نایاسایی و قاچاخ هاتوبووە ناو خاكی هەرێمی كوردستان ببوو".
روونیشی كردەوە، دوای ئەنجامدانی پشكنین بۆمان دەركەوت كە لەئوتومبێلێكی بارهەڵگردا، ئەو جگەری مریشكە لە دوو شوێنەوە داپۆشرابوو، جگەرەكەش ئێكسپایەر و خراپ بووە و بەكەڵكی خواردن نایەت.
ناوبراو داواشی كرد كە هاووڵاتیان چاوكراوە بن و لە هەر كارێكی نایاسایی كە پەیوەندیی بە ئاسایشی خۆراكەوە هەبێت ئاگاداریان بكاتەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، دواتر ئەو كەیسە و خاوەنەكەی دەنێردرێتە بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی سلێمانی لە بەشی یاسا و لەوێ لێپرسینەوە لەگەڵ خاوەنەكەیدا دەكرێت.
باسنیوز
