برۆ: پەیەدە دەیەوێ بە هەڵبژاردنێکی تاکلایەنە شەرعیەت بداتە خۆی.. ئێمە بەشدار نابین

 	 برۆ: پەیەدە دەیەوێ بە هەڵبژاردنێکی تاکلایەنە شەرعیەت بداتە خۆی.. ئێمە بەشدار نابین
وەک چاودێراینی سیاسی دەڵێن، پەیەدە دەیەوێ لە سووریادا شەرعیەت بداتە خۆی، بۆیە دەیەوێت هەڵبژاردنێکی تاکلایەنە ئەنجام بدات، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریاش دەڵێت، ئەو هەڵبژاردنانە شەرعیەتی یاساییان نییە و ئەوان بەشداریی تێدا ناکەن.

بڕیارە لە سەرەتای مانگی دابێدا پەیەدە هەڵبژاردنەکانی شارەوانییەکانی ڕۆژئاوایی کوردستان بەڕێوە ببات و هەندێک لە هاوبیرانی ئەو پارتە سەرپەرشتیاری ئەو هەڵبژاردنە دەکەن و بەڕێوەی دەبەن. وەک (ئیبراهیم بڕۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هەر هەڵبژاردنێک پێویستی بەوەیە، کە شەرعیەتی یاسایی و دەستووریی خۆی وەرگرێت و لە کاتێکی گونجاودا بێت، نەک تەنیا سیاسەتی تاکلایەنی و خۆبەڕێوبەریی یەکئالی و سەپاندنی حزبێکێ یەکلایەن بێت، چونکە ئەمە لە بنەڕەتدا هیچ بنەمایەکی دیموکراسیی نییە، لەبەر ئەوەش، ئەنەکەسە پشکداریی ئەم هەڵبژاردنە خۆسەپێنیە ناکات و ددانیشی پێدا نانێت.''

(برۆ) دەشڵێت: ''هەڵبژاردنەکان بەوە دەکرێن، کە زۆربەی گەلەکەی لە ناوەوەی وڵات بێت، چونکە لەبەر سیاسەتە خراپەکەی پەیەدە ڕۆیشتوونەتە دەرەوەی وڵات و ئەوان بە هیچ شێوەیەک فرەحزبی قبووڵ ناکەن و ئێمەش ددان بە سیاسەتی ئەواندا دانانێن، چونکە ئەوان بارەگامان دەسووتێنن و ئەجێندای وڵاتان جێبەجێ دەکەن.''

(برۆ) ئاماژەیشی دا: ''ئەوان چەند لەدژی ئێمە بوەستن و چەند ڕێگریمان بکەن، خەڵک زیاتر دەگاتە ئەنجومەنی نیشتمانی، بەڵام ئەگەر ئەوان هەڵبژاردن بکەن، سیستەمی بەڕێوبەریی دیفاکتۆ بێت، بەڵام ئەنجامەکەی دیارە کە ڕۆژانە خەڵک وڵات بەجێ دەهێڵێت لەسەر سیاسەتی ئەوان و پەیەدە ڕۆژانە خۆینی گەنجە کوردەکان بۆ ناوچە عەرەبەکان دەرژێنن و پاشان ڕادەستی عەرەبەکانی دەکەن، ئەمەیە دیفاکتۆی سیستەمی خۆبەڕێوبەری؟''

چاودێرانی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان دەمێکە دەڵێن پەیەدە بە ناوی تەڤدەمەوە (ئەنجومەنێکی خۆیانە، کە ناوی کۆمەڵێک پارتی دیکەیان تێدا هێناوە) دەیانەوێت بڵێن کۆمەڵێک پارت لەو هەڵبژاردنەدا هەن، کەچی هەمووی ناوێکە، کە پەکەکەیە.

چاودێرانی سیاسی ئەوەیشیان گوتووە، کە پەیەدە دەیەوێ شەرعیەت بداتە خۆی، بۆیە دەست بۆ هەڵبژاردن دەبات، (ئیبراهیم برۆ)ش دەڵێت: ''ئێمە شەرعیەت نادەینە پەیەدە، چونکە ئەوان تاکڕۆیی دەکەن و دەزانن هیچ شەرعیەتێکیان لەلای گەل نەماوە و ئەمە وەک کارتێک بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی لە لایەن حزبەکانی ترەوە ددانیان پێدا بنرێت. دیارە چەندین پێکهاتەی دیکەی گەلی سووری بەشداریی ئەم هەڵبژاردنە ناکەن، بەڵکو ئەم هەڵبژاردنە پەیەدەی کردە ئەمری واقع، تەنیا بۆ ئەوەی خەڵک ددانی پێدا بنێن.''

لە کۆتاییدا (برۆ) جەختی کردەوە: ''ئەنەکەسە لەسەر ڕێچکەی خۆی بەردەوامە و لە کۆنگرەکەی ڕیاز ٢ دیار بوو، کە ئێمە وەک نوێنەری گەلی کورد پشکداریمان کرد، بەڵام پەیەدە ڕێگە بە ئێمە نادەن، سیاسەتی خۆمان بکەین، بەڵکو دەستیان کردووە بە سووتانی بارەگاکانمان و دەستگیرکردنی ئەندام و سەرکردایەتیەکانمان و پەیەدە لە هێڵی کوردایەتی دوور کەوتووەتەوە، ئەگەر ئەوان هەڵبژاردنیش بکەن، ئەوا ئێمە بە هیچ شێوەیەک بە شەرعی سەیریان ناکەین و ددانیش بەواندا نانێن.''
kdp-
Top