قەرەیلان هۆشداریی لە دروستبوونی شەڕێکی گەورە لە ناوچەکە دەدات
موراد قەرەیلان، فەرمانەی گشتیی هەپەگە لە وتارێکدا بۆ گەریلاکانی پەکەکە، رایگەیاندووە، کە تورکیا هەوڵدەدا رووسیا و ئێران بکاتە هاوبەشی کارە دوژمنکارییەکانی دژی گەلی کورد و دەبێ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە لە راستیی داگیرکارییەکانی تورکیا تێ بگەن.
موراد قەرەیلان بەپێویستی دەزانێ گەلی کورد و هێزەکانی لە دژی یەکگرتنی دوژمن، یەک بگرن و بە یەک دەست لە بەرەی نەتەوەیی، بەرگریی لە کورد بکەن.
ئەو سەرکردە باڵایەی پەکەکە هۆشداریی دەدا لەوەی ئەگەر تورکیا بیەوێ ”دەستدرێژی“ بکاتە سەر عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، ئەوا پەکەکە شەڕ دەباتە باکووری کوردستان، تورکیا و ناوچەکە، ”شەڕ تەنیا لە عەفرین نامێنێتەوە“ و پەل دەکێشێ بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پێشتر رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندبوو، کە بۆ پاراستنی سنووری تورکیا، هێزەکانیان ئامادەن بچنە ناو شاری عەفرین.
باسنيوز
