دوای خیانەتەکەی گرووپی 16ـی ئۆکتۆبەری یەکێتی مەعسوم بۆ یەکەمجار دەچێتە کەرکووک
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتی، رۆژی دووشەممە 27/11/2017، فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق، سەردانی کەرکووک دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی شارەکە کۆ دەبێتەوە.
دوای داگیرکارکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، بە بڕیاری حەشدی شەعبی زۆربەی بەرپرسە کوردەکان و نەجمەدین کەریمی پارێزگاری شەرعیی شارەکە، لەسەر کار لادران و کەسانی نزیک لەو میلیشیایانە لە شوێنیان دانراون.
ماڵپەڕەکە لە زاری فوئاد مەعسومەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە مەعسوم دەیەوێ لەو سەردانەیدا بۆ کەرکووک، ”لە نزیکەوە“ ئاگاداری بارودۆخی شارەکە بێت.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ١٦/١٠/٢٠١٧، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران ھێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک، مەخموور و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەھۆی ئەو داگیرکارییەوە نزیکەی ٢٠٠ ھەزار ھاووڵاتیی ئاوارەی ھەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بوون.
رۆژی چوارشەممە ١٨/١٠/٢٠١٧، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 میلیشیای شیعەمەزھەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای ھەرەس پێھێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی٢٠١٤ لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.
باسنیوز
