تەقە لە ماڵی بەرپرسێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕۆژنامەنووسێک کرا
حەیدەر ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس و لە کفری، ڕاگەیاند: "لە دەوروبەری کاتژمێر 1:15 خولەکی شەوی ڕابردوو 26 لەسەر 27/11/2017، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کە ماتۆڕسکیلیان پێبووە، دەستڕێژی گوللە لە ماڵەکەم کراوە و بەوھۆیەوە 10 فیشەک بەر ئۆتۆمبێلەکەم کەوتووە و بووەتە ھۆی تەقینی تایە و شکانی جامەکانی و نزیکەی 15 فیشەکیش بەر ژووری چێشتخانەی ماڵەکەمان کەوتووە و بەوھۆیەوە جام و ساردکەرەوە و ژمارەیەک کەرەستەی دیکە شکاون".
ڕۆژنامەنووسەکە ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە هەمان ئەو کاتەی تەقەیان لە ماڵەکەی کردووە، ئەو چەکدارانە تەقەیانی لەماڵی مامی کردووە کە بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری گەرمیانە و بەو هۆیەوە ئۆتۆمبێلەکەی سووتاوە و لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.
حەیدەر ئەحمەد باسی لەوە کردووە کە ئەو هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەسدا نییە، بە دووریشی نازانێت ڕووداوەکە پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە هەبێت.
ئاماژەشی بەوە کرد کە هەردوو ڕووداوەکە جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانییان بەدواوە نەبووە و لە بنکەی پۆلیسیش سکاڵای تۆمار کردووە.
باسنیوز
