سەرۆک بارزانی: ئەو بارودۆخەی ئێستا ھەیە کاتییە و تێدەپەڕێت
ئەمڕۆ یەکشەممە 26/11/2017 لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەنجومەنی سەرکردایەتی، بەرپرس و کارگیڕانی لق، ناوچە، بەرپرسانی ئیداری، ئەندامانی پەرلەمان، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری کەرکووک - گەرمیان کۆبۆیەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆک بارزانی گوتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و لە دەستپێکی گوتەکەیدا ھاوسۆزیی خۆی بۆ ئامادەبووان و ئەو خەڵکەی کە لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر تووشی ئێش و ئازار و ئاوارەیی ھاتوون دەربڕی، جەختیشی کردەوە کە ئەو ئازیزانە ھەمیشە لەپێناو مەبادئ و کەرامەتی کوردستان بە درێژایی مێژوو قوربانیان داوە.
سەرۆک بارزانی، بە تێروتەسەلی باسی لە ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم و ئەو بارودۆخە ناخۆشە کرد کە بەسەر کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ھاتووە و ڕایگەیاند، کە گەلی کوردستان نەشکاوە بەڵکو خیانەتی لێکراوە، شکستیش کاتێک دەبێت کە ئیرادە تێکشکابێت.
ئەوەشی دووپات کردەوە، کە ھۆکاری ئەو بارودۆخە ڕیفراندۆم نییە، بەڵکو زۆر لەمێژەیە کە بەغدا نییەتی پەلاماردانی کوردستانی ھەبووە، ڕیفراندۆم ئەنجامیش نەکرابا، پیلان لەدژی کەرکووک ھەر لە ئارادا بوو.
سەرۆک بارزانی لە درێژەی گوتەکەیدا، ڕیفراندۆمی بە بڕیارێکی ڕاست و دروستی گەلی کوردستان زانی کە دەبوایە زووتر ئەنجام درابا و بە پیرۆزترین و ڕەواترین دەستکەوتی نیشتمانی و نەتەوەیی گەلی کوردستانی لەقەڵەم دا، گوتیشی: "ڕیفراندۆم دەنگی ڕەوا و ئاشتییانەی گەلە و بە ھیچ یاسا و حکوومەتێک ئەو دەنگە ئاشتییانەیە ھەڵناوەشێتەوە، ئەوەی کە کۆسپی بۆ ئەو دەستکەوتە مەزنە دروست کردووە خیانەتی تاقمێک بوو کە پشتیان لەگەلی کوردستان کرد و کەرکووکیان فرۆشت و ڕادەستیان کرد و ئەگەر خیانەتەکەی 16ـی ئۆکتۆبەر نەبا ئێستا گەلی کوردستان لە دۆخێکی تر دا بوو".
سەرۆک بارزانی ئەوەیشی بۆ ئامادەبووان شی کردووە کە دۆخی خیانەت و داگیرکاری و فەرزی ئەمری واقع بە زۆر و چەک، ناسنامەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ناگۆڕێت، گوتیشی: "ئێمە ھەمیشە، ئێستا و پێشتریش گوتوومانە کە دەمانەوێ کەرکووک و ناوچەکانی تر بکرێنە نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و پێکھاتەکان و فەرزی ئەمری واقع بە ھیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت".
لە کۆتاییدا سەرۆک بارزانی، سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان و کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانی کرد و داواشی کرد کە ئیرادە و ئومێدیان بەھێز بێت، چونکە دۆزی گەلی کوردستان ڕەوا و عادیلە و ئەو بارودۆخەی ئێستا ھەیە کاتییە و تێدەپەڕێت".
bas news-
