٤٠ هەزار دۆسیەی گەندەڵی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە

 	 ٤٠ هەزار دۆسیەی گەندەڵی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە
لە ماوەی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، نزیک بە ٤٠ هەزار دۆسیەی گەندەڵی هاتووەتە ناو لیژنەی دەستپاکیی ئەو ئەنجومەنە. ئێستا (حەیدەر عەبادی) وەک خۆی دەڵێت، پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دەست پێ کردووە، بەڵام هەموو لایەنەکان ئەوە وەک "کارتی گوشار" دەبینن.

(ئەردەڵان نوردەین)، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەو باوەڕەدا نییە (حەیدەر عەبادی) لە پرۆسەکەدا سەرکەوتوو بێت و پێی وایە "ئەمە کارتێکە لەبەردەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرانبەر بە ڕکابەرانی خۆی، بەتایبەت لە ناو لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکان."

ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "سەرۆکوەزیران خۆیشی دەزانێ لەو پرۆسەیەدا سەرکەوتوو نابێت، چونکە حووتی زۆر گەورەی وەکو (حوسێن شەهرستانی) و (نوری مالیکی)ی لەبەردەم دایە."

(ئەردەڵان نوردەین)، ئاشکرای دەکات: "وەکوو لیژنەی پێوەندیدار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تا ئێستا چەندین جار لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ (حەیدەر عەبادی) داوای هاوکاری و پشتگیرییان لە ناوبراو کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچیان لێ نەبینیوە."

ئەو پەرلەمانتارە، دیاریکردنی ڕێژەی گەندەڵیی لە عێراق بە کارێکی ئەستەم دەزانێت، بەڵام هاوکات ئەوەش ئاشکرا دەکات کە "لە ماوەی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەراندا، نزیکەی ٤٠ هەزار دۆسیەی گەندەڵی هاتووەتە ناو لیژنەی دەستپاکی."

لە دواڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی و ڕیزبەندیی وڵاتان لەوبارەدا، عێراق لە ڕیزبەندی دووەمدا بوو، هەڵبەت لە ئاخرەوە. عێراق لە کۆتاییی ئەو ڕیزبەندەدا بوو و لە ڕووی شەفافییەتەوە، تەنیا لە وڵاتی سوودان باشتر بوو.

ئەو ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەوتی، هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکی پرۆسەیەک، کە (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ناوی پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی لێ ناوە.

(ئەیاد عەلاوی)، جێگری سەرۆککۆماری عێراق، زۆر بە خێرایی لە مەبەستەکانی ئەو پرۆسەیە هاتە دەنگ و جەختی کردەوە کە "جیا لە پڕۆپاگاندای هەڵبژاردن، هیچی تر نییە."
kdp-
Top