هاوکاریی هاووڵاتیانی هەرێم لە سنووری پەروێزخانەوە ڕەوانەی کرماشان کران

 هاوکاریی هاووڵاتیانی هەرێم لە سنووری پەروێزخانەوە ڕەوانەی کرماشان کران
لە ڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە ئەو هاوکارییانەی لە پاریزگا و شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ زیانلێکەوتوانی بوومەلەرەکەی ڕۆژهەڵات کۆکرابوونەوە، ڕەوانە کرماشان کران.

ئارام سایەخان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، ڕێکخراوەکان و چالاکانی کۆمەڵی مەدەنیی باشوری کوردستان، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، گەرمیان و ڕاپەڕین و چەند ناوچەیەکی تر، کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتییان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان و بەتایبەت سەرپێڵی زەهاو ڕاگەیاند، توانرا لە ڕێگەی کونسووڵخانەی ئێران لە هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی ئەو وڵاتە وەربگیرێت بۆ ناردنی ئەو هاوکارییانە بۆ کوردانی ڕۆژھەڵات".

بەرپرسی ڕاگەیاندنی مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخان گوتیشی: "کۆی هاوکارییەکانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێم 19 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر پێداویستیی جۆراوجۆرە، ئەمڕۆ دوای تەواوکردنی ڕێکاری یاسایی و ئیداری لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراون".

ئارام سایەخان لە درێژەدا ئەوەشی خستە ڕو: "بەهۆی ئەوەی مەرزی پەروێزخان بە فەرمی نەکراوەتەوە، بۆیە ئەو کەسانەی هاوکارییەکان دەگەیەنن ڤیزاکەیان تا ئێوارەیە و دەبێت پاش ڕادەستکردنی هاوکارییەکان بە ڕێکخراوی خاچی سوور، بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان".










باسنیوز
Top