ڕێبوار تاڵەبانی: هیوادارم گرووپەکەی یەکێتی بە بیانووی ئەنجومەنی پارێزگاوە خیانەتێکی دیکە نەکەن
ڕێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕای گەیاند: "کۆبوونەوەکەی دوێنێ سێشەممە 21/11/2017ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک یاسایی نەبوو و تەنیا 15 ئەندامی ئەنجوومەنەکە لە لیستەکانی برایەتی، دوو حزبی تورکمانی و گردبوونەوەی عەرەبی پێکھاتبوون، بۆیە ڕێژەی یاساییان تەواو نەبوو".
لەبارەی پرسیارێکی (باسنیوز) کە ئاخۆ مەترسی نییە گرووپە خیانەتکارەکەی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ناوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە خیانەتێکی دیکە ئەنجام بدەن؟ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕای گەیاند: ”ھێوادارم لە دڵسۆزییان بێت و ھەوڵدانەکانی ئەو گرووپەی ناو یەکێتی بۆ ئەوە نەبێت کە پرسیاری لەبارەوە دەکەن، چونکە ئێستا بارودۆخێکی ناتەندرووست ڕووی لە کەرکووک کردووە، لەڕووی تەعریبکردنەوە لە ڕێی جێگری پارێزگاری کەرکووکەوە هەوڵێکی جددی هەیە“.
ڕیبوار تاڵەبانی بەرپرسیارێتیی دروست بوونی ئەو ڕووداوانەی شاری کەرکووکی خستە ئەستۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕای گەیاند: ”یەکێتی تا ئێستا تاکە هێزی کوردستانە کە لە کەرکووکدا ماوەتەوە، تاکە دەزگایەکی شەرعی بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی کەرکووک، ئەنجومەنی پارێزگایە، بۆیە ھەوڵەکانی یەکێتیش لە ڕێی ئەنجومەنی پارێزگا بە ڕێگای دەستووری و یاسایی بیت، باشترە، نەک بیانەوێت ھەڵە بە ھەڵە چارەسەر بکەن".
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ سێشەممە بە ناوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە، گرووپێکی سەر بە خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، شان بە شانی عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک کە بە ئاشکرا دژایەتیی کوردانی کەرکووک و کوردستانیبوونی شارەکە دەکەن، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و ناویان نا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
