ڕاوێژكارێكی ئەردۆغان ناتۆ بە دەستێدابوون لە کودەتاکانی تورکیا تۆمەتبار دەکات
یاڵچن تۆپچو، ڕاوێژكاری سیاسیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (KRT)ـی توركی، پێی باشە توركیا چاوێك بە ئەندامبوونی خۆی لە ناتۆدا بخشێنێتەوە، چونكە ناتۆ هیچكاتێك بەرامبەر بە توركیا دڵسۆز نەبووە و لە هەموو كودەتاكانی توركیا ناتۆ دەستی تێدا هەبووە".
وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ مانۆڕەیكی سەربازییان لە نەرویج ئەنجام دا و لەوێدا سووكایەتی بە مستەفا كەمال ئەتاتورك و رەجەب تەییب ئەردۆغان كرا، بۆیە تۆپچو دەڵێت هەموو گەلی توركیا پێویستە لە پشت سەرۆكەكەی بوەستێتەوە و ئەو سووكایەتییە قبووڵ نەكات.
ئەو ڕاوێژکارەی ئەدرۆغان لە درێژەدا دەڵێت: "هەموو جار ناتۆ بە چاوی دوژمن سەیرمان دەكات، بۆیە ئەگەر ناتۆ ئێمەی نەوێت، ئێمەیش نابێت ئەوانمان بوێت. میللەتیش پێی باشە لەو ڕووەوە توركیا خاوەن بڕیار بێت".
توركیا لەسەر ئەوەی لە ئەندامبوونی ناتۆ بچێتە دەرەوە زۆر جیدییە، بەڵام ئەو بڕیارە قورسە و بەبێ ڕەزامەندیی ئۆپۆزسیۆن سەر ناگرێت.
باسنيوز
