ژووری عەمەلیاتی میلیشیاکان لە بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک دادەنرێ
سەلاح دەلۆ، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "بارەگای سەرەکیی حەشدی شەعبی لە کەرکوک لەناو بیناکەی ئێمە دایە، ئیتر چۆن داوای گەڕانەوەمان لێ دەکەن؟"
ئاماژەشی بەوە کرد: "ئێستا چەک و تەقەمەنییەکانی حەشدی شەعبی لە بارەگاکانی پارتیدا جێگیر کراون، ئیتر کەرکووک چۆن ئارامە؟ دواتر بارەگای حزبەکانی دیکە لە کەرکووک ھەیە، ئەی بۆچی بەتەنیا بارەگاکانی پارتی کرانە ئامانج و ئێستاش بوونەتەوە مۆڵگەی حەشدی شەعبی؟“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە تا ئەو کاتەی شکۆ بۆ خەڵکی کەرکووک و کورد و حزبە کوردستانییەکان نەگەڕێتەوە، ”گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک لەم قۆناغەدا ناکرێت، چونکە لە بەغداوە هەوڵی دووبارە تەعریبکردنەوەی کەرکووک دەدرێت".
ھاوکات ھەر لەمبارەوە کاوێز مەلا پەروێز، بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیر و ڕاگەیاندنی پارتی لە کەرکووک، ڕایگەیاند: "ئەوەی دەکرێت قبووڵکراو نییە و بارەگای سەرەکیی ژووری عەمەلیاتی حەشدی شەعبی لە بارەگای سەرەکیی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دایە و ئەم ڕەوشە لەو شارە قبووڵ ناکرێت، ئەوەیشی دەستی لەو بابەتەدا ھەیە، دەبێ باجەکەی بدات".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
