سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران نامەیەکی لە یەکێتیی ئەورووپاوە پێگەیشت

 سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران نامەیەکی لە یەکێتیی ئەورووپاوە پێگەیشت
سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان نامەیەکی لە کۆمیساری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپاوە پێگەیشت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/11/2017، نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان نامەیەکی لە فیدێریکا مۆگێرینی، کۆمیساری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپاوە پێگەیشت و لە سەرەتای نامەکەیدا مۆگێرینی ھاوخەمیی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەردەبڕیت بۆ قوربانیانی ئەو بوومەلەرزەیەی ڕۆژی 12ی ئەم مانگە چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە.

کۆمیساری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا، لە سەرەتای نامەکەیدا دەڵێت: "سەرەتا دەمەوێ لە دڵەوە سەرەخۆشی لە قوربانیانی ئەو بوومەلەرزەیە بکەم کە ڕۆژی 12ی نۆڤەمبەر ھەرێمی کوردستانی گرتەوە"‌.

مۆگێرینی، وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ ھاوبەشی و سەرکرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، خۆشحاڵیی یەکێتیی ئەورووپای بۆ ئامادەیی و ھەوڵەکانی ھەرێمی کوردستان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگەوە نیشان دەدات و نووسیویەتی: "ئێمە لە نزیکەوە و بە نیگەرانییەوە لە پێشھاتە مەیدانییەکانمان ڕوانیوە، ماوەی چەند ھەفتەی ڕابردووش کاری لەپێشینەمان ئەوە بووە کە ڕێگری لە توندوتیژی بکرێت لە ھەر لایەنەکەوە بێت، ھەروەھا پشتگیریی ئەو ھەوڵانەمان کردووە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دراون، وەک ڕێکارە ئەمنییەکان لە ناوچە جێناکۆکان، یەکێتیی ئەورووپا بەردەوامیشە لە چاودێریکردنی دۆخەکە و ھاوکاریی مرۆیی پێشکەش دەکات".

لە نامەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 16/11/2017 لە ڕێگەی کلاریس پاستۆری، نوێنەری یەکێتیی ئەورووپاوە لە ھەرێمی کوردستان گەیشتە نێچیرڤان بارزانی، خاتوو مۆگێرینی پشتگیریی یەکیتیی ئەورووپا بۆ دیالۆگ لەنێوان ھەولێر و بەغدادا دووپات کردوەتەوە و نووسیویەتی: "ئەگەر لایەنەکان داوای لێ بکەن، یەکیتیی ئەورووپا لەگەڵ ھاوکارە نێودەوڵەتییەکانیدا، ئەوپەڕی ئامادەیە ھاندان و ئاسانکاری بۆ ئەو دیالۆگە بکات کە بزانێت سوودمەندە و ئەنجامی باشی لێدەکەوێتەوە".

کۆمیساری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا، لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردۆتەوە کە نەک بە تەنھا یەکێتی و سەقامگیریی عێراق، بەڵکوو یەکێتی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە حکوومییەکانیشی بۆ یەکێتیی ئەورووپا گرنگە.









باسنيوز
Top