مەسرور بارزانی: پاڵپشتیی هەموو داواکانی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا دەکەین

 مەسرور بارزانی: پاڵپشتیی هەموو داواکانی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا دەکەین
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی هەموو داواکارییەکانی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا دەکات.

بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، رۆژی پینجشەممە 16/11/2017، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەتران بەشار مەتی وەردە، سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی کلدانی لە هەولێر، کۆ بووەتەوە.

مەتران بەشار مەتی وەردە لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، کە بارودۆخی ئێستای دەشتی نەینەوا رێگا بە گەڕانەوەی ئاوارە مەسیحییەکان نادات، کە بەهۆی داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.

ئەو مەترانە هەروەها رایگەیاندووە، کە بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، وڵاتانی جیهان ناتوانن هاوکارییەکانیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا و هاووڵاتییانی، بنێرن.

مەتران بەشار مەتی وەردە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هەرێمی کوردستان ”تاکە ناوچەی ئارامە“ بۆ مەسیحییەکان و هیوای خواستووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاراتر لە جاران پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان و مەسیحییەکان بێت.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، مەسرور بارزانی دڵنیایی داوەتە هەموو مەسیحییەکان، کە ”کوردستان وەک ھەمیشە بە نموونەی پێکەوە ژیان دەمێنتەوە“ و رایگەیاندووە، ھەرێمـی کوردستان ”بە ھیچ شێوەیەک“ بە پێشێلکارییەکان بەرامبەر مەسیحییەکان رازی نابێت و ”پاڵپشتیی تەواوی داواکارییەکانی برا کریستانەکانی دەشتی نەینەوا دەکات“.

راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هەرێمی کوردستان بە هەموو رێکارێکی یاسایی و دەستووری کار بۆ دابینکردنی مافەکانی مەسیحییەکان و هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی دیکە.

مەسرور بارزانی هیوای خواستووە مەسیحییەکان خۆڕاگر بن و بیر لە کۆچکردن و بەجێهێشتنی ناوچەکانیان نەکەنەوە و رێگریی لە پیلانی سڕینەوەی ناسنامەی مەسیحیی ناوچەکانیان بکەن.









باسنیوز
Top