حەشدی شەعبی زیانی بە کشتوکاڵی دەشتی نەینەوا گەیاندووە

 حەشدی شەعبی زیانی بە کشتوکاڵی دەشتی نەینەوا گەیاندووە
دوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەموو جۆرە پێشێلکارییەک بەرانبەر خەڵکی ئەم ناوچانە کراوە و ئێستاش زیانی بە کەرتی کشتوکاڵیش گەیاندووە، وەک بەرپرسانی کشتوکاڵی ناوچەکە دەلێن، بە هاتنی حەشدی شەعبی زیانێکی گەورەی کشتوکاڵی بەو ناوچانە گەیشتووە.

(بەرەکات عیسا)، بەڕێوەبەری چاندنی شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە دوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ قەزای شنگال کێشە بۆ سێکتەرێ چاندن دروست کراوە و زیانێکی گەورە بەم سێکتەرە گەیشتووە و زەرەرمەندی یەکەمیش خەڵکی شنگالن و تا ئێستاش یەک مەتر لە خاکی شنگال و ناوچەکە نەهاتووەتە چاندن، ئەمەش هەموو حەشدێ شەعبی لێی بەرپرسە.''

(عیسا) گوتی: ''دیارە شنگال و تەواوی دەشتی نەینەوا ژیانیان لەسەر کشتوکاڵ بەندە، بەر لە ئێستا نەمانتوانی لەبەر چەکدارانی داعش ئەردی خۆمان بچینین و ئێستاش لەبەر حەشدی شەعبی ناتوانین، ئەمە چەندین ساڵە خەلکی شنگال بوونەتە قوربانیی ئەم جۆرە هێزانە.''

(عیسا) ئەوەیشی گوت: ''دەزانین ڕێژەی بێکاری لە شنگالدا زۆر بووە و ئەگەر ئەمساڵیش وەک جاران نەهێڵن ئەردی کشتوکاڵی خۆمان بکێڵین، ئەوە دەبێتە ڕێژەیەکی زۆر بێکاری لە ناوچەکەدا، چونکە ژیانی خەڵکی شنگال بەندە لەسەر ژیانی کشتوکاڵی.''

هاوکات (تاهر زاهیر محەمەد)، بەڕێوەبەرێ چاندنی قەزای شێخان لەسەر هەمان بابەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە دوای ساڵی ٢٠١٤ـەوە ئەم ڕووبەرە گەورەیەی دەشتی نەینەوا زیانێكی زۆری بەر دەکەوێت لە لایەن گرووپە میلیشیاکانەوە؛ جارێک لەبەر داعش تا ئەم دواییان نەمانتوانی سوود لەو ڕووبەرە گەورەیە ببینین و ئێستاش حەشدی شەعبی خۆیان تێدا سەپاندووە، خەڵک ناتوانێت بچێتە نێو کێڵگەکانی خۆی و سوود لەو ئەردە وەربگرێت، چونکە لە حەشدە دەترسین و ئەمەش زیانێکی هەرە گەورەی لە جووتیارانی دەشتەکە داوە.''..]
kdp-
Top