بڕیاردەری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرپەرشتی توندوتیژییەكان دژ بە كورد دەكات
ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند: "بەهۆی كێشەو ناكۆكییەكانی نێوان گرووپەكانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو كێشەو ئاڵۆزی درووست بووە و گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەقی سەر بە حەشدی شەعبی، هەڵیان كوتاوەتە سەر بارەگای بەرەی توركمانی لە خورماتوو و 4 كەسیان دەستگیركردووە و بارەگاكەشیان داگیركردووە".
ڕاشی گەیاند: "دواتر گرووپەكانی دیكەی حەشدی شەعبی كەوتونەتە نێوانیانەوە و نەینانهێشتووە شەڕەكە زیاتر تەشەنە بكات و ئێستا عەسائیبی ئەهلی حەق دەستیان بە سەر بارەگاكەی بەرەی توركمانیدا گرتووە".
ئەو بەرپرسە، گوتیشی: "نیازی میعمار ئۆغلو بڕیاردەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و محەمەد مەهدی بەیاتی وەزیری پێشووی مافی مرۆڤی عێراق كە توركمانی شیعەی خورماتوون لە شارەكە سەرپەرشتیی میلیشیاكانی حەشدی توركمانی دەكەن بۆ دروستبوونی ئاڵۆزی توندوتیژی دژ بە هاووڵاتییانی كورد لە ناوچەكە".
بەرپرسانی بەرەی توركمانی لایەنگری حەشدی شەعبی دەكەن لە خورماتوو و هۆكاری سەرەكی ئەو شەڕەش بۆ ناكۆكی جۆراوجۆری نێوان گرووپەكانی حەشدی شەعبی دەگەڕێتەوە.
هاوكات چەكدارانی عەسائیبی ئەهلی حەق، بارەگاكەی بەرەی توركمانییان لە خورماتوو سوتاندووە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
