سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران نامەیەکی لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێگەیشت
ئەمڕۆ چوارشەممە 15/11/2017، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پشتگیریی خۆی بۆ دیالۆگێکی سیاسی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕی.
لە دیدارێکدا یان کۆبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق نامەکەی گەیاندە نێچیرڤان بارزانی، و تیایدا گۆتێریس خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە بەوەی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق لە چەندین بۆنەدا ئامادەیی خۆیان بۆ گفتوگۆ نیشان داوە.
ھاوکات ئامادەییی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ ھاوکاری لە گفتوگۆی نێوان ھەردوولادا دەربڕیوە و دەڵێت: "ھەردوولا ھان دەدەم کە ھەنگاوی پێویست بنێن بۆ دابینکردنی زەمینەیەکی لەبار لەپێناو دەسپێکردنی دانوستانێکی ڕاستەقینە". ھەروەھا دووپاتی کردۆتەوە "کاتێک کە ھێشتا ھەڕەشەی داعش لەسەر ناوچەکە ماوە، لەپێناو ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و دابینکردنی زیاتری سەقامگیریدا، دەبێ لەم دۆخەدا ڕێ لە ناسەقامگیری بگیرێت".
لە دیدارەکەدا یان کۆبیش، دەستخۆشی لە ھەوڵەکانی ھەولێر و بەغدا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان کرد و ھەموو ھاوکارییەکی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەمبارەیەوە نیشان دا.
ھەروەھا نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی سەردانەکە و نامەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد، جەختیشی لەوە کردەوە کە ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە ئامادەیە ھەموو کێشەکان لەگەڵ عێراق بە دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکات.
باسنيوز
