كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی سێ كاتژمێر دواخرا
نازم هەركی، جێگری سەرۆكی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ چوارشەممە 15/11/2017 خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەردوو پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی و پرۆژە یاسای كرێچی و موڵكدار كراوە، هەروەها بۆ ماوەی سێ كاتژمێر كۆبوونەوەكە ڕاگیراوە بۆ ئەوەی لێژنەی دارایی و لێژنەی یاسایی لەسەر ڕەشنووسی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی 2018 ڕاپۆرتێك ئامادە بكەن، چونكە لە پرۆژە یاساكەی عێراقدا نادادپەروەرییەكی زۆر لە ڕووی شایستە داراییەكان و هەم دەستوور و هەم سیاسیشەوە هەیە".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "دوای ئامادەكردنی ئەو ڕاپۆرتە لەلایەن لێژنە پەیوەندیدارەكانەوە لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، بۆ ئەوەی لە ئەنجامدا چەند ڕاسپاردەیەك بنێرنین بۆ عێراق".
ئەو پەرلەمانتارە لە کۆتاییدا ڕوونیشی كردەوە: "سەرجەم فراكسیۆنەكانی بە گۆڕان و كۆمەڵیشەوە بەشداریی كۆبوونەوەكەیان كردووە و بە زۆرینەی دەنگ بڕیار درا كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان بە داخراوی بەڕێوە بچێت، هەروەها لە كاتژمێر 3:30 كۆبوونەوەكە دەست پێ دەكاتەوە".
باسنیوز
