ئێران هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ زیانلێکوتووانی بوومەلەرزەکەی کرماشان رەت دەکاتەوە .

 ئێران هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ زیانلێکوتووانی بوومەلەرزەکەی کرماشان رەت دەکاتەوە .
کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، رەت دەکاتەوە.



بەپێی زانیارییەکان، جگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەشت وڵاتی جیهان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی کەسانی لێقەوماو لە پارێزگای کرماشان، کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە، کەسوکاریان لەدەست داوە و خانووەکانیان وێران بوون.



محەمەد جەوادزەریڤ، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی هیچ هاوکارییەک قبوڵ ناکات بۆ زیانلێکەوتووانی رۆژهەڵاتی کوردستان.



رەتکردنەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە کاتێک دایە، کە حکوومەتی ئەو وڵاتە وەک پێویست بەهانای لێقەوماوان ناچێت و حەسەن رۆحانیی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەش بە زیانلێکەوتووانی راگەیاندبوو، ”خانووەکانی خۆتان، بەخۆتان چاک بکەنەوە“.



پێشتر ئیبراھیم سەمین بە (باسنیوز)ی راگەیاند، کە وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەردانی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە ھەولێر کردووە و پێیان راگەیاندوون، کە دەزگاکە ئامادەیە ھاوکارییەکانی بگەیەنێت خەڵکی لێقەوماو لە پارێزگای کرماشان، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی لە کونسوڵخانەکە رایانگەیاندووە، کە داواکارییەکەیان دەگەیەننە سەرووی خۆیان و دواتر وەڵامیان دەدەنەوە.



کاتژمێر 9:20 خولەکی شەوی یەکشەممە 12/11/2017 بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕیی 7.2 پلەی رێختەر، داوە، لە نزیک ھەڵەبجە رووی دا و کاریگەرییەکەی گەیشتە شارەکانی باشوور و رۆژھەڵاتی کوردستان بە تایبەت (دەربەندیخان و کرماشان)، بەغدا و مووسڵ و تەنانەت کوێتیش.



بەپێی ئامارەکان، بەھۆی ئەو بوومەلەرزەیەوە، جگە لە وێرانبوونی ھەزاران خانووی ھاووڵاتییان، نزیکەی لە 530 کەس گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە 8000 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە زۆرترین قوربانی لە رۆژھەڵاتی کوردستان بووە.




باسنيوز
Top