ڕاوێژکارێکی حکوومەت: بازرگانانی بیانی لە ڕەفتارەکانی عێراق بەرامبەر کوردستان ناڕازین
ڕاوێژکارێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە بەھۆی داخستنی ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و سلێمانی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، بازرگانانی بیانی ناچاربوون بە ڕێگەیەکی دوورتر کاڵاکانیان بە کوردستان بگەیەنن، بەو ھۆیەوە نیگەرانییان بە حکوومەتی عێراق گەیاندووە.
فەتحی محەمەد، ڕاوێژکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "چاوەڕوانی کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانی دەکەین، ئێستاش بەداخەوە بەھۆی نەکرانەوەیان کاریگەری ھەبووە لەسەر ھاتنی گەشتیار بۆ کوردستان، پێشتر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەک ھاندانێک بۆ ھاتنی گەشتیار بۆ کوردستان، بڕیاری دەرکرد کە ھاووڵاتییانی ئەوروپا و ئەمەریکا و بەریتانیا بەبێ ڤیزا دەتوانن بێنە کوردستان، بۆیە ئێستا کە ھاووڵاتییانی بیانی دەچنەوە بەغدا، لەوێ پارەی ڤیزەیان لێوەردەگیرێت، ئەمەش نیگەرانی درووستکردووە و لەسەر ئاستی جیھانیش دەنگدانەوە ھەبووە".
ئەو ڕاوێژکارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: "بازرگانانی بیانی لەبەرامبەر سیاسەتی بەغدا کە کۆت و بەندی لەسەر ھاوردە و بازرگانیی کوردستان درووستکردووە، نیگەرانن و نیگەرانییان گەیاندووەتەوە حکوومەتی عێراق لەسەر چەند ئاستێکیش نیگەرانیان ھەبووە، بۆیە داوا لەبەغدا دەکرێت کە دەست لەو سیاسەتە ھەڵبگرێت، چونکە گواستنەوەی کاڵا بۆ کوردستان لەڕێگایەکی کورتەوە بۆ ڕێگەیەکی درێژ و پڕخەرجیتر گۆڕیوە“.
لە چوارچێوەی ڕەفتارە نەیارانەکانی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان، حکوومەتی عێراق سەرجەم گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (ھەولێر و سلێمانی) ڕاگرتووە و تاوەکوو ئێستاش نەیکردوونەتەوە.
bas news-
