ڕۆژانە یەک ملیۆن دۆلار بۆ گرووپی خیانەتەکەی 16ـی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتیی دەڕوات

 ڕۆژانە یەک ملیۆن دۆلار بۆ گرووپی خیانەتەکەی 16ـی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتیی دەڕوات
دوای داگیرکردنی کەرکووک لە لایەن حەشدی شەعبییەوە، ئێستا ئەو چەکدارانە بەئاگاداریی گرووپی خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەوتی کەرکووک بۆ ئێران دەبرێت. بەرپرسێکی حزبیش لە کەرکووک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لەبەرامبەر ناردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران، ڕۆژانە یەک ملیۆن دۆلار بۆ گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتیی دەڕوات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەرکووک، ڕای گەیاند: "دوای داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، ئێستا ئەو چەکدارانە لە دوو بیرە نەوتی سنووری شارۆچکەی داقووقی سەر بە کەرکووک، ڕۆژانە دەیان تانکەر نەوت پڕ دەکەن و بەرەو شارەکانی باشووری عێراقی دەبەن و لەوێشەوە دەیبەن بۆ ئێران".

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد: "ئێستا ئەو چەکدارانە لەنزیک ئەو دوو بیرە نەوتەی سنووری داقووق سێ ژووریان دروست کردووە و ژمارەیەک لە پاسەوانانی حەشدی شەعبی تێیدا دەمێنێتەوە و چاودێریی بیرە نەوتەکان دەکەن و کەسێکیش سەرپەرشتییان دەکات بە ناوی (ئەبو عەلی) کە تورکمانێکی شیعەی خەڵکی ناحیەی ئامرلیی سەر بە خورماتووە و ئەو تانکەرانە دێن پڕ نەوت دەکرێن و بە ئاراستەی بەغدا دەڕۆن و پاشان دەبرێنە ئێران".

سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو: "گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لەناو خۆیاندا ڕێک کەوتوونە و ھەر بیرە نەوتێک داھاتەکەی بۆ گرووپێکی ناو حەشدی شەعبی دەچێت و ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکێتییش ئاگاداری دزینی نەوتی کەرکووکن لە لایەن حەشدی شەعبییەوە، بەڵام بێدەنگییان ھەڵبژاردووە".

لەم بارەیەوە، عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کەرکووک- گەرمیان، ڕای گەیاند: "ئەوەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرای کردووە، ڕۆژانە ٦٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی ئێران دەکەن دوورە لە ڕاستییەوە، ئێستا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ڕۆژانە ٢٦٢ ھەزار بەرمیل نەوت بە تانکەر دەنێرن بۆ ئێران".

ئاشکراشی کرد: "بەپێی ھەندێک زانیاری، باس لەوە دەکرێت کە لەبەرامبەر ناردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران، ڕۆژانە یەک ملیۆن دۆلار دەدرێت بە گرووپی خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتیی".

کەرکووکی گوتیشی: "حەشدی شەعبی ستایشی گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتی دەکەن لەسەر ئەوەی کە ئەوان ئەرکێکی نیشتمانییان جێبەجێ کردووە، کە کەوتوونەتە پێش سوپا و حەشدی شەعبی، بۆ ئەوەی بێنە ناو کەرکووکەوە".

گوتەبێژەکەی پارتی لە کەرکووک- گەرمیان، ئەوەشی خستە ڕوو: "چەکدارانی حەشدی شەعبی ھەر بە دزینی نەوتی کەرکووکەوە نەوەستاون، ئێستا دەستیان کردووە بە دزینی کەرەستە گرنگ و ھەستیارەکانی کۆمپانیای نەوتی باکووری سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق و بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایەش ھیچ ھەڵوێستێکیان نەبووە لەبەرامبەر دزینی ئەو کەرەستانە".

پێشتر، فوئاد حوسێن، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕای گەیاندبوو: "دوای ئەو بارودۆخە ناھەموارەی کە بەسەر کەرکووک ھێنرا، ئێستا ئێمەش لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەوام ناکەین، بۆیە ھیچ زانیارییەکمان نادەنێ لەسەر ناردنی نەوتی کەرکووک بۆ دەرەوە، ئەمەش ھەڵبەتە بەمەبەست وا دەکەن بۆ ئەوەی لە بردن یان ھەناردەکردنی نەوتی کەرکووک، کەس ئاگادار نەبێت".

ڕاشی گەیاندبوو: "کەرکووک شارێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و ژمارەی کێڵگە نەوتییەکانیشی بریتییە لە پێنج کێڵگەی گەورە، ئاڤانا و بای حەسەن دەکەوێتە سنووری دوبزەوە و پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەوتی ئەو کێڵگانەی ھەناردەی دەرەوە دەکرد، بەڵام ئێستا دەستی بەسەردا گیراوە و دەمێنێتەوە سەر زەمبوور و خەبازە و بابا، ئەوانە سەر بە کۆمپانیای نەوتی باکوورن کە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقن و تەنیا گێڵگەی بابا درێژییەکەی دەیان کیلۆمەترە، توانای وەبەرھێنانی تەنیا لەو سێ کێڵگەیەش رۆژانە ١٦٠ ھەزار بەرمیل نەوت بوو تا پێش ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو. ھەروەھا بەپێی زانیارییەکانی ئێمە ئێستا نەوتی کێڵگەکانی ئاڤانا و بای حەسەن ڕاگیراوە، بەڵام ھی کێڵگەکانی تر کار دەکات، بڕێک لەو نەوتانە بۆ پاڵاوگەکان دەنێردرێت و ئیتر ئەو بڕەی دیکەش دیار نییە بۆ کوێ دەبرێت".

بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، بە چاوساخیی گرووپێکی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران ھێرشیان کردە سەر خورماتوو و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورەیان داگیر کرد و ھەزاران ھاووڵاتی روویان لە ھەرێمی کوردستان کرد.

رۆژی چوارشەممە ١٨/١٠/٢٠١٧، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند، کە چەند (کاڵفام)ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەوییەکانی تری گەلەکەمان دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتیی".









باسنيوز
Top