باڵێکی گۆڕان کار بۆ دەرکردنی ھاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا دەکات
لەدوای کۆچی نەوشیروان مستەفاوە، بە بەرنامە لەلایەن باڵێکی گۆڕانەوە کار بۆ ناشرینکردنی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان و ھاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا دەکرێت.
سەرچاوەکە ڕای گەیاند، ئەو باڵە چ لەناو مەکۆ و ژوور و ئۆرگانەکانی گۆڕان، چ لەڕێگەی میدیاوە ھەوڵی داوە ھاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا بە گۆڕان نامۆ بکات، تا ئاستی ئەوەی بێ ھەڵوێست و نەگونجاو نیشانیان دەدا، تا لە دەسەڵاتی گۆڕان دووریان بخاتەوە و خۆیان لە داھاتوو ببنە دەمڕاستی بزووتنەوەکە.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ئەو باڵەی ناو گۆڕان زۆربەیان پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئەو گرووپەی ناو یەکێتی کە تۆمەتبارە بە خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر و رادەستکردنی کەرکووک بە حەشدی شەعبی، ھەیە و گومان دەکرێ دەستی ئەوانیش لە دوورخستنەوەی ھاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا و خانەی ڕاپەڕاندندا ھەبێت، تاوەکو دواجار بەیەکەوە لەگەڵ ئەو باڵەی گۆڕان ھاوکاریی یەکتری بکەن.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، ھەر لەو ماوەیەدا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فایلی زۆر لە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان بڵاو کراونەتەوە، کە بە پلەی بەرز و وەزیر خانەنشین کراون، کە گومان دەکرێ لەلایەن ئەو باڵەی گۆڕانەوە بووبێت، تاوەکوو نیشانی گەنجەکانی گۆڕانی بدەن کە ئەوانە توانای بەڕێوەبردنی بزووتنەوەی گۆڕانیان نییە و کەسانێکی گەندەڵن، لەکاتێکدا زۆرێک لە ئەندامانی ئەو باڵە خۆشیان خانەنشینیی پەرلەمانیان ھەیە و تۆمەتی گەندەڵی و ھاوکاریکردنی مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بۆ دژایەتیکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستانیان لە بەغدا بەسەرەوەیە.
بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، ئامانجی ئەو باڵەی گۆڕان ئەوەیە لەداھاتوودا دەست بەسەر بزووتنەوەی گۆڕاندا بگرن و ھاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا، کە خۆیان بە میتراتگری گۆڕان دەزانن، لەدوای کۆچی نەوشیروان مستەفاوە، بەتەواوی لە گۆڕانیان دوور بخەنەوە.
لە چەند ڕۆژی رابردووشدا، لە وتارێکی ھاوبەشدا، کە لە ئەکاونتە تایبەتییەکانی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویان کردووەتەوە، ھەرسێ ھەڵسوڕاوی گۆڕان، مەحموود رەزا، عەدنان عوسمان، ھۆشیار عەبدوڵا، لەبارەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانەوە نووسیویانە: "ئەوەی کە ئێستا ئە گوزەرێ، خانەی راپەڕاندن، لە ئەنجامی پێکەوە نەگونجانی ئەندامەکانی و لە غیابی دیدگای رۆشنیان بۆ پرسە سیاسییەکان و نەبوونی ھەڵوێستی شێلگیرانە و لێبڕاوانەیان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی جڤاتی نیشتمانی و خولانەوەیان بە دەوری کێشەکان و ھەوڵ نەدانیان بۆ ھەڵگرتنی ھەنگاوی خێرا و رۆشن و ئازایانە لەبەرامبەر کۆی پرسە سیاسییە گشتی و ناوخۆییەکان، لەلایەک و سەرگەرمییان بە کێشە و ململانێی نێوان خۆیانەوە، بزووتنەوەی گۆڕانیان بە دۆخێک گەیاندووە، کە لە ھێزێکی خولقێنەری رووداو و دەسپێشخەریی کاریگەرەوە، کردوویانە بە ھێزێکی پاسیفی بێ کاریگەر و بێ ئیرادە".
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا ھاتووە: "لە ماوەی تەمەنیدا، خانەی راپەڕاندنی گۆڕان جگە لە بەیاننامە و کۆبوونەوەی بێ ئەنجام و ھەوڵدان بۆ سنووردارکردن و لاوازکردنی گوتاری ئیعلامیی گۆڕان، ھیچ ھەنگاوێکی تری لێ نەبینراوە".
ئەو ھەڵسوڕاوانەی گۆڕان باسیان لە بڕیاری تاکلایەنانەی نێو بزووتنەوەکەشیان کردووە کە: "ھەست بە مەترسییەکی تریش ئەکەین، کە بریتییە لە بڕیاردانی تاکلایەنە و یەکلاکردنەوەی پرسە گرنگەکان بەبێ راوێژ و وەرگرتنی رەزامەندیی جڤاتەکان و ژوورەکان، نموونەشیان بە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکایەتیی ھەرێم و لیستی کاندیدەکانی پەرلەمان و سەرۆکی لیست ھێناوەتەوە".
ئاماژەیان بەوە داوە، کە: “بەم شێوازی بەڕێوەبردنە لە لایەن خانەی راپەڕاندنەوە، گۆڕان لە ساتەوەختێکی مەترسیداردایە، کە ئەگەری داڕووخانی سیاسی و جەماوەری و لێکترازان و دوورکەوتنەوەی ھەڵسوڕاوەکانی لێ دەکرێ".
نووسیویانە کە: "سەرەتای سلبییانەی ئەم قۆناغە لە کۆنترۆڵکردن و مۆنۆپۆلکردنی سەرجەم پۆستەکانی خانەی راپەڕاندن و بڕیاری بزووتنەوەکەوە بوو لەلایەن گرووپێکەوە".
بەڵام بورھان رەشید، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان رای گەیاند، ئەوەی ھەیە رای ھەندێ لە کادیرانە سەبارەت بە خانەی ڕاپەڕاندن، نەوەک ڕای گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان.
لای خۆشیانەوە، کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە ئەوەی لەبارەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانەوە دەگوترێن ڕای کەسییە و نەیتوانیوە ببێت بە ڕای گشتی لە گۆڕاندا، گوتی : “ئەوانەی لەبارەی ئەدای خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان قسەیان ھەیە، لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناکەن، ئەوەش نەیتوانیوە ببێت بە ڕایەکی زاڵ بەسەر بزووتنەوەکە و ڕای گشتیی گۆڕان لەبارەی کار و ئەدای ئەو خانەوە نەرێنی نییە”.
عەبدولڕەحمان حوسێن، پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی گۆڕان و ھەڵسووڕاوی ئەو بزووتنەوەیە، ڕایگەیاند: "کێشە لەناو گۆڕاندا ھەیە و خانەی ڕاپەڕاندن کراونەتە ئامانج و ڕاگەیاندنی گۆڕانیش گومانی لەسەرە، چونکە لە بەرژەوەندیی گرووپێکی یەکێتی کار دەکات.
دووپاتیشی کردەوە: ”ئێستا گرفتەکانی گۆڕان لە لێواری تەقینەوەدان و ھەڵسووڕاوان ناتوانن وەڵامی خەڵک بدەنەوە".
باسنيوز
