کرماشان.. 12 هەزار خانوو بە یەکجاری خاپوور بوون
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران "مەهدیانی" لە کۆبوونەوەیەکدا ئاماژەیە بەوە داوە گوژمی ئەو بوومەلەرزەیە بەڕادەیەک بووە کە زۆربەی خانوبەرەی گوندنشینانی شاری "داڵاهۆ، سەرپێڵی زەهاو، سەلاسی باوەجانی و ئەزگلە" بە یەکجاری وێران بوون و لە شارەکانیش زیاترین زیانی گیانی و مادی لە پرۆژەی خانووی نیشتەجێبوونی میهر ڕووی داوە".
بەپێی دوایین ئاماری ماڵپەڕە فەرمییەکانی ئێران هەتا ئێستا 423 کەس بەهۆی ئەو بوومەلەرزەوە گیانیان لەدەست داوە و 7370 کەسیش بەو بۆنەوە بریندار بوون، بە گوتەی خەڵکی بەرکەوتوو و لێقەوماو و قایمقامی شاری قەسری شیرین، ئاماری ڕاستەقینەی کوژراو و بریندارەکان زۆر لە ئاماری میدیا فەرمییەکان زیاترن.
دوای ئەو کارەساتە و زیابوونی ژمارە قوربانیان، لەلایەن خەڵکەوە ڕەخنەیەکی زۆر ئاراستەی حکوومەت کراوە و بەتایبەت ئەو دامودەزگا بەرپرسانەی کە کاتی خۆی پرۆژەی نیشتەجێبوونی (میهر)یان ساز کردووە، چونکە زیاترین زیانی گیانی لەناو ئەو پرۆژەیە ڕووی داوە.
باسنيوز
