کرماشان.. 12 هەزار خانوو بە یەکجاری خاپوور بوون

 کرماشان.. 12 هەزار خانوو بە یەکجاری خاپوور بوون
بە گوتەی جێگری ناوەندی نیشتەجێبوونی ئێران لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی شەوی دووشەممە کرماشان، 12 هەزار خانووی گوند و شارەکان بە یەکجاری و سەداسەد خاپوور کراون.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران "مەهدیانی" لە کۆبوونەوەیەکدا ئاماژەیە بەوە داوە گوژمی ئەو بوومەلەرزەیە بەڕادەیەک بووە کە زۆربەی خانوبەرەی گوندنشینانی شاری "داڵاهۆ، سەرپێڵی زەهاو، سەلاسی باوەجانی و ئەزگلە" بە یەکجاری وێران بوون و لە شارەکانیش زیاترین زیانی گیانی و مادی لە پرۆژەی خانووی نیشتەجێبوونی میهر ڕووی داوە".

بەپێی دوایین ئاماری ماڵپەڕە فەرمییەکانی ئێران هەتا ئێستا 423 کەس بەهۆی ئەو بوومەلەرزەوە گیانیان لەدەست داوە و 7370 کەسیش بەو بۆنەوە بریندار بوون، بە گوتەی خەڵکی بەرکەوتوو و لێقەوماو و قایمقامی شاری قەسری شیرین، ئاماری ڕاستەقینەی کوژراو و بریندارەکان زۆر لە ئاماری میدیا فەرمییەکان زیاترن.

دوای ئەو کارەساتە و زیابوونی ژمارە قوربانیان، لەلایەن خەڵکەوە ڕەخنەیەکی زۆر ئاراستەی حکوومەت کراوە و بەتایبەت ئەو دامودەزگا بەرپرسانەی کە کاتی خۆی پرۆژەی نیشتەجێبوونی (میهر)یان ساز کردووە، چونکە زیاترین زیانی گیانی لەناو ئەو پرۆژەیە ڕووی داوە.











باسنيوز
Top