ڕۆحانی لە کرماشان: دەبێ خەڵک بۆ خۆیان خانووەکانیان چاک بکەنەوە

 ڕۆحانی لە کرماشان: دەبێ خەڵک بۆ خۆیان خانووەکانیان چاک بکەنەوە
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ئێران، سەرکۆماری ئێران کە ئەمڕۆ بە بۆنەی بوومەلەرزەکەوە سەردانی کرماشانی کردووە و گوتوویە دەبێ خەڵک بۆ خۆیان خانووەکانیان چاک بکەنەوە.



بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئێران، کە زمانحاڵی فەرمیی دەوڵەتە، ئەمڕۆ سێشەممە حەسەن ڕۆحانی لە لێدوانێکدا ڕوو بە خەڵکی لێقەوماوی کرماشان گوتوویەتی: "دەبێ خەڵک بۆ خۆیان دەست بکەن بە نۆژەن و چاککردنەوەی خانووەکانیان و حکوومەتیش تەنیا ئەتوانێ وامی بێ سوودیان پێ بدات".



داوای لە خەڵکیش کردووە کە لەخۆڕا و سەربەخۆ یارمەتی و هاوکاری کۆ نەکەنەوە و دەبێ لەڕێگەی "خاچی سوور و کۆمیتەی ئیمداد"ەوە بێت.



هاوکات لەگەڵ ئەم قسانەی ڕۆحانی چەندین بەرنوێژ و ئاخوندی ئێرانی و ئیمام جومعەی شاری کەنگاوەر پاش ڕوودنی بوومەلەرزەکە باسیان لەوە کرد کە ئەوە "بەڵای سروشتی بووە و خەڵک دەبێ دەرسی عیبرەتی لێ وەربگرن، لەو جۆرە کاتانەدا نابێ خەڵک چاوەڕوانی یارمەتیی حکوومەت بن و ئێمەش تەنیا دەتوانین دۆعای خێرتان بۆ بکەین".



بەپێی زانیاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پاش زیابوونی خەسار و زیانە گیانییەکان بەهۆی داڕووخانی پرۆژەی نیشتەجێبوونی (میهر)، کێشە کەتووەتە نێوان بەرپرسانی حکوومەتی ئێران و بەتایبەت لە نێوان مەحموود ئەحمەدی نەژاد سەرکۆماری پێشوو (چونکە لەسەر دەمی دەسەڵاتی ئەودا پرۆژی میهر بنیات نراوە) و حەسەن ڕۆحانی مشتومڕ ڕووی داوە و یەکتریان بە کەمتەرخەم تۆمەتبار کردووە.



لەلایەیەکی دیکەشەوە بە دەیان ڕێکخراو ئەنجومەنی کۆمەڵگەی مەدەنیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوێنێوە دەستیان کردووە بە چالاکی و وەرێخستنی کەمپین بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی و هاوکاری بۆ لێقەوماوان، بەڵام دامودەزگا فەرمییەکان و بەتایبەت قایمقام و ناوەندە ئەمنییەکانی هەڕەشەیان لە چالاکوانانی مەدەنی کردووە کە ناتوانن سەربەخۆ ئەو کارانە بکەن و دەبێ لەرێگەی دامودەزگا فەرمییەکانەوە یارمەتییەکان بگەنە خەڵک و پێشیان بەو چالاکیانە گرتووە.


باسنيوز
Top